ئۆتۆمبێلێک لە زەڕایەن تەقییەوە

"کەسێک کراوەتە ئامانج"

K24 – هه‌ولێر:

کاتژمێر 1ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 01/03/2019، ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی زەڕایەن "لە رێگای TNT تەقییەوە" و شۆفێرەکەی بە ناوی فاروق ساڵح، بریندار بووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، فاروقی تەمەن 40 ساڵ، لە دوای نوێژی هەینی، لە مزگەت هاتۆته‌ دەرەوە و بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی چووە، لەو کاتەدا، ئۆتۆمبێلەکەی تەقیوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بۆ کوردستان24ی ئاشکرای کردووە، قوربانییەکە، كه‌ گۆشتفرۆشه‌، قاچێکی لەدەست داوە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.

هێشتا هۆکاری سەرەکی رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پۆلیس دەڵێن بە دواداچوون دەکەن و ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.