عێراق.. شیعه‌كان سوورن له‌سه‌ر ده‌ركردنی ئه‌مریكییه‌كان له عێراقدا
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای كردووه، چه‌ند لایه‌نێك ره‌شنووسی پڕۆژه‌بڕیارێكیان بۆ ده‌ركردنی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و داخستنی بنكه‌ی سه‌ربازی "عه‌ین ئه‌سه‌د" له رۆژئاوای عێراق، ئاماده كردووه.
رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4/3/2019 دا، له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی په‌رله‌مانییه‌وه نوسیوویه‌تی "ئه‌و پرۆژه‌بڕیاره پاش كۆتاییهاتنی پشووی په‌رله‌مان، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی یاساداناندا، ده‌خرێته به‌رده‌ستی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان".
سه‌رچاوه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی عوكاز ده‌ڵێت: "ئه‌و ھێزانه‌ی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دان و له ئێرانه‌وه نزیكن، له پشت ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بیخه‌نه ناو كارنامه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و كاره‌ش بكه‌ن، په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه، تا پاش پشووی په‌رله‌مان، ئه‌و بابه‌ته بخرێته خشته‌ی كاره‌كانه‌وه".
له هه‌مان چوارچێوه‌دا، ستار جه‌بار ئه‌لعیتابی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانیی سائیرون، جه‌ختی كرده‌وه كه "ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، به‌شێكه له پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و پاڵپشتیكاری هاوپه‌یمانیی سائیرون".
ئه‌لعیتابی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "هاوپه‌یمانیی سائیرون، ئه‌و پڕۆژه چاكسازییه‌ی ئاماده‌یه، كه موقته‌دا سه‌در بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، گرنگترین چاكسازییه‌كانی ناو پڕۆژه‌كه‌ش، كه له رێگه‌ی دانیشتنه‌كانی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه كاری بۆ ده‌كه‌ین، ده‌نگدانه له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه عه‌باس یابر، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانیی بنیات گوتوویه‌تی: "له وه‌رزی دووه‌می یاسادانان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مشت‌ومڕ و گفتوگۆی توند له‌سه‌ر بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌كرێت".