پیاوێكی ھەڵەبجەیی 13 ساڵ بە ھەڵە دەستگیر دەكرێت
K24 - ھەڵەبجە
پیاوێکی دانیشتووی گوندی ئەحمەدئاوای سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، لە پاش برینداربوونی، سێ رۆژ بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، رەوانەی ئێران دەکرێت، بهڵام بە هۆی هەڵەیەک لە ناوەکەی، ماوەی 13 ساڵ دەخرێتە زیندانەوە و وەک تۆمەتبارێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دووچاری چەندین ئەشکەنجە و ئازار دەبێتەوە.
فەرید جەبار، لە 13/3/1988، ئەوکات تەنیا 22 رۆژ بوو هاوسهرگیریی كردبوو، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی عێراق بۆردوومانی شاری هەڵەبجەیان كرد، فهرید بە برینداری رهوانهی ئێران دهكرێت، دواتر بە مردوو لە قەڵەم دەدرێت، بهڵام پاش 13 ساڵ زیندانیكردنی، لە شیراز دەگەڕێتەوە. ئهو كه تەنیا کوڕێکی دەبێت و خێزانەکەشی وای زانیووە مردووە، دووبارە هاوسەرگیریی کردۆتەوە.
ئەو باس لە چیرۆكی برینداربوون و دەستگیركردنی دەكات و بە كوردستان24ی گوت: "ئەوكاتە لە قوتابخانە كتێبمان دابەش دەكرد، منیش چوومە بازاڕ خواردن بكڕم، لەو كاتە فڕۆكە بۆردوومانی ھەڵەبجەی كرد و بریندار بووم و بردمیانە ئێران، لەوێ بە ھەڵە لە جیاتی كەسێكی دیكە دەستگیر كرام، دوای 13 ساڵ پێیان گوتم، ئاغا ببورە، تۆ ئەو كەسە نیت، كە داواكراو بوو".
گوتیشی: "ئەو كاتە من لە زیندان بووم و لێرە بە مردوو لە قەڵەم درابووم، ئیتر ھاوسەرەكەم دووبارە ھاوسەرگیریی كردبووەوە، ئەوەی ھەشمبوو باخ و خانوو و شتەكانم، ھەموویان فرۆشتبوو، ئێستا تەنھا كوڕێكم ھەیە و ئەویش ھاوسەرگیریی كردووە.
فەرید، ئێستا لەنێو جێگا کەوتووە و توانای کارکردنی نەماوە، چەندین ساڵی تەمەنی لەدەست داوە، ئازارەکانی رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبن، ئهو له زیندان ئهشكهنجهی قورس دراوه و ئێستا کاریگەرییەکانی بهسهر تهندروستییهوه دهردهكهوێت.
فەرید جەبار، فەرمانبەری پەروەردە بووە لە هەڵەبجە، سێ رۆژ بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە مەبەستی کڕینی شتوومەکی فەرمانگەکەی دەچێتە بازاڕ و لەوێ بریندار دەبێت، كه بۆ چارهسهر دهبرێته ئێران، لهوێ به هۆی لێكچوونی ناوی له تۆمەتبارێکی ئەوکاتەی رژێمی بەعس، دەستگیر دەکرێت، دوای 13 ساڵ زیندانی و ئازار و ئهشكهنجهدانێكی زۆر، پێی دەڵێن ببورە تۆ ئەو کەسە نەبوویت، کە داواکراو بوو.
ھ.م