سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی حكوومەتی ئوردن كرد

سەرۆك بارزانی سوپاسی پادشای ئوردنی كرد و بە دۆست و برای خۆی وه‌سفی كرد

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێكی حكوومەتی شانشینی ئۆردۆن كرد، كە پێكهاتبوو لە تارق ئەلحموری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، مەنتەسەر عەقلە، باڵیۆزی ئۆردن لە عێراق و هەیسەم ئەبولفول، كونسوڵی شانشینه‌كه‌ لە هەولێر، له‌گه‌ڵ ژمارەیەك راوێژكاری باڵیۆزخانەی ئوردن لە عێراق.

لە دیدارەكەدا وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئۆردن سڵاوی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویيەكانی نێوان هەردوولا، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن كردەوە. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و پێكەوەژیانەی لە كوردستاندا هەیە و بە هۆكاری پێشكەوتن و ئاییندەیەكی باشی، لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی پادشای ئوردنی كرد و بە دۆست و برای خۆی وه‌سفی كرد، هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستەكانی پادشای ئوردن لە بەرانبەر گەلی كوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر، تاوتوێ كرا.

پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.