عێراق و ئێران لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن

ئێران دەیەوێ هاوپەیمانییەتێک لەگەڵ عێراق پێکبهێنێ

K24 – هه‌ولێر:

دوێنێ دووشەممە 11/03/2019، حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە عێراق. بە گوێرەی تویتێکی زەریفی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە چەند رۆژێک پێش سەرۆککۆمار هاتبووە عێراق، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون.

جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: "لە رۆژی یەکەمی دیدارەکان لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق، لەسەر چەند شتێک رێککەوتووین".

هەر بە گوێرەی تویتەکەی زەریف، عێراق و ئێران لەسەر هەماهەنگی لە ئاسایشی ناوچەیی، هەڵگرتنی باجی سەر ڤیزا، هێڵی پێکبەستنه‌وه‌ی هەردوو وڵات لە رێگای شەمەندەفەر، پاککردنەوەی رووبارەکانی سەر سنوور دوای 43 ساڵ، ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش، هەماهەنگیی وزە و 20 ملیار دۆلار بارزگانی، رێککەوتوون.

هەر دوێنێ و لە  دوای کۆبوونەوەکانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: "وڵاتەکەی، عێراق بە وڵاتێکی گرنگی ئیسلامی و عەرەبی دەزانێت، کە دەتوانێ رۆڵی گرنگی لە پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ناوچەکەشدا هەبێت".

گوتیشی: "ئێران دەیەوێ هاوپەیمانییەتێک لەگەڵ عێراق پێکبهێنێ، بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بێنە ناو ئەو هاوپەیمانیێتییه‌وە".

H.J