سێيهمين کۆنفڕانسی تایبەت بە سووریا لە بڕۆکسل بەڕێوە دەچێت
K24 – برۆکسل:
ئەمڕۆ بە بەشداریی 1000 کەس لە نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنیی سووریا، لە ژێر چاودێریی یەکێتیی ئەوڕوپا و نەتەوەیەکگرتووەکان و بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی سووریا، کۆنفڕانسی تایبەت بە سووریا لە پهرلهمانی ئهوڕوپا، له بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستی بەکارەکانی کرد.
ئامانجی كۆنفڕانسەکەو كه سێ رۆژ دەخایەنێت، پشتگرییكردنە لە داھاتووی سووریا و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی لە لایەن کۆمەڵگهی نێودەوڵەتییەوە.
لە ساڵی 2017 یەکەم کۆنفڕانس بەڕێوەچوو و بڕی زیاتر لە 5 ملیار یۆرۆ بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا كۆكرایهوه، دواتر ساڵی 2018 بڕی زیاتر لە 3 ملیاری یۆرۆ کۆکرایەوە، ئەمساڵیش چاوەڕێ دەکرێت چەندین ملیار یۆرۆی تر کۆبکرێتەوە.
ئەو کۆمەک و ھاوکارییانەی کۆدەکرێنەوە، بەشێکی بۆ ئاوارە سورییەکان تهرخان دهكرێت، کە لە وڵاتانی تورکیا، عێراق، ئوردن و لوبنان دەژین.
لە ساڵی 2011 و دوای ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی سووریا تاوەکو ئێستا، یەکێتیی ئەوڕوپا بڕی زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆی وەکو یارمەتی بۆ قەیرانی سووریا خەرج کردووە، بەمەش دەردەکەوێت یەکێتیی ئەوڕوپا یەکەم کیشوەرە لە جیھاندا، كه زۆرترین پارەی لە رووی یارمەتیی مرۆییەوە بۆ سووریا خهرج كردووه.
بەپێی ئامارە نێودەڵەتییەکان، دوای 9 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر قەیرانی سووریا تا وەکو ئێستا، 13 ملیۆن سووری پێویستییان بە ھاوکارییە، لە لایەکی دیكهوهو ٥ ملیۆن سووری ئاوارەی وڵاتان بوون و یەک لهسهر سێى قوتابخانەکانی سووریا بە ھۆى شەڕەوە وێران بوون.