گۆران كاندیده‌كانی خۆی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستنیشان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
بڕیاره سبه‌ی شه‌ممه، جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دیاریكردنی كاندیده‌كانی له كابینه‌ی نوێ كۆببێتەوە.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، بڕیاره سبه‌ی شه‌ممه 16ى ئادار/ مارسى 2019، جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی كاندیده‌كانیان بۆ ئه‌و پۆستانه‌ی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ریانگرتووه، کۆببێته‌وه.
جەمال حاجی محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان به میدیای حزبه‌كه‌ی رایگەیاندووه، بڕیارە لە ڕۆژانی شەممە و یەكشەممەدا، هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی كۆببنەوە و كۆبوونەوەكەشیان تایبەت دەبێت بە هەنگاوەكانی داهاتووی بزووتنەوەكە لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردن لە كابینه‌ی نوێ و بەتایبەت پرسی دابەشكردنی پۆستەكان و دیارییكردنی كاندیده‌كانیان.
پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوی به‌ره‌و پێشه‌وه ناوه و پێشبینی ده‌كرێت له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو، كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ رابسپێردرێت.
ئ. م