فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا قەندیل بۆردوومان دەکەن

"دەیانەوێت هاووڵاتیان بەشداریی ئاهەنگەکانی نەورۆز نەکەن"

K24 – هه‌ولێر:

لە نزیک ئەو جێگایەی بڕیارە سبەی ئاهەنگی نەورۆزی قەندیلی لێ بەڕێوەبچێت، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانیان دەست پێ کرد .

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئادار، کە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی ژمارەیەک لە گوند و بەرزاییەکانی بناری قەندیل.

محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی قەندیلی سەر بە پەکەکە، بە کوردستان 24ی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە ئاسمانی بناری قەندیلدا سوڕاونەتەوە و  بۆردوومانی چەند ناوچەیەکیان کردووە، بەڵام زیانی ئەوتۆی بە دواوە نەبووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری بۆردوومانەکە بۆ ترس خستنە نێو دڵی هاووڵاتییانی دەڤەرەکەیە، تاوەکو بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز نەکەن، بەڵام هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو شوێنی ئاهەنگەکە بەڕێکەوتوون.

 

بە گوتەی ژمارەیەک لە گوندنشینانی بناری قەندیل، بۆردوومانەکان لە نزیک گوندەکانی ئیوەیس، شێخان، ئیندزێ، بێپاڵان، زارگەڵی و بۆکریسکان ئەنجام دراون .

هەر بە گوتەی قسه‌ی گوندنشیان، بۆردوومانەکان زیانی گیانیان بەدواوە نەبووە، بەڵام ترسیان خستۆتە دڵی خەڵکو بەتایبەت کە بڕیارە سبەی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە بناری قەندیل بەڕێوە بچن .

‌H.J