گەشتیارانی عێراق کەمترین سوودیان بۆ گەرمیان هەیە
K24 - گەرمیان
لە کاتی بۆنە و یادەکاندا، دەیان ھەزار ھاووڵاتی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ گەشتکردن روودەکەنە ھەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان، ژمارەیەک لەو گەشتیارانە لە بازگەکانی گەرمیانەوە دێنە ھەرێمی کوردستان و ماوەیەکی کەم لە ناوچە گەشتیارییەکانی گەرمیان بەسەر دەبەن، ئەوەش وایکردووە کەمترین سوودی ئابوورییان بۆ گەرمیان ھەبێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتی ھاووڵاتییانی کوردستان بۆ سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەکان، بەدەیان ھەزار ھاووڵاتی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان، روودەکەنە ھەرێمی کوردستان، خێزانێك لە بەغداوە ھاتوونەتە گەرمیان و دەیانەوێت لەنێو سروشتە جوانەکەی کوردستان کاتە خۆشەکانیان بەسەر بەرن.
بەھا مەحموود، یەكێكە لەو گەشتیارانەی لە بەغداوە ھاتووەتە دەڤەری گەرمیان، ئەو دەڵێ: "ئێمە لە بەغداوە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ھاتووین، نەورۆز لە گەلی عێراق و بەتایبەتی گەلی كوردستان پیرۆز دەكەم، كەشوھەوایەكی خۆش و سروشتێكی جوانی ھەیە، لێرە ئاسوودەین و بەھیواین ھەموو وەرزەكانمان خۆش بن".
سەرباری ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری عەرەب و ئێرانی بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان لە دەروازەکانی گەرمیانەوە دێنە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو گەشتیارانە کەمترین سوودی ئابوورییان بۆ گەرمیان ھەیە، چونکە ماوەیەکی زۆر کەم لەناوچە گەشتیاریەکانی گەرمیان دەمێننەوە.
ھ.م