پرۆژه‌یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی مشتومڕ ده‌نێته‌وه‌

"فراكسیۆنە كوردستانییەكان تێبینییان له‌سه‌ر یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی هه‌یە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە پڕۆژە یاسای رەگەزنامەی عێراقیدا ھاتووە ھەرکەسێك یەک ساڵ دوای مانەوەی لە عێراق، دەتوانێت داوای رەگەزنامەی عێراقی بکات و ببێتە ھاووڵاتی عێراقی، ئەمەش بە کۆی دەنگی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان تێبینی لەسەرەو پێیان وایە لە زیانی ھەرێمی کوردستانە، بەتایبەت لەسەر بابەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان.  لەرووی ئاماریشەوە بۆ ھەڵبژاردنەکان بە بەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، سەرژمێری دانیشتوانی پارێزگاکانی عێراق زیاتر دەکات.

ناسر ھەرکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە كۆی دەنگی ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای ھەمواركردنەوەی رەگەزنامەی عێراقی رەتكراوەتەوە و دەبێ بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە".

پڕۆژە یاسای پێدانی رەگەزنامەی عێراقی ژمارە 26 لە ساڵی 2006 دەرکراوە لە 11/3/2019، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای ھەموارکردنەوەی کرا. کە لەو پڕۆژە یاسایەدا ھاتووە کەسانی بیانی یەک ساڵ دوای مانەوەیان دەتوانن ببنە خاوەن رەگەزنامەی عێراقی، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش لە فراکسیۆنی یەکێتی پێی وایە ئەو پڕۆژە یاسایە لە زیانی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

لەوبارەوە بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسۆنی یەكێتی دەڵێت: "لەو ناوچانەی كە ئێمە وەك كورد داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەینم كە یەكێك لە بڕگەكانی راپرسییە، ئەگەر راپرسیش بكرێت ژمارەی دانیشتوان لەو ناوچانە ئەگەر بە قازانجی عەرەب بشكێتەوە زیانی بۆ كورد دەبێت، بۆیە ھەمواركردنەوەی پڕۆژە یاسای رەگەزنامەی عێراقی لە بەرژەوەندی كورد نییە".

ھ.م