سادیقوون وه‌ده‌رنانی هێزه بیانییه‌كان زیندوو ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
عوده‌ی عه‌واد، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی سادیقوون، كه له‌ناو هاوپه‌یمانێتی بنیاته، رایگه‌یاند، له چه‌ند رۆژی داهاتوو، یاسای ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق ده‌رده‌چێت و چه‌ند كه‌سێكیش به هێشتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تبار ده‌كات.
وه‌ك میدیا عێراقییه‌كانی بڵاویانكردووه‌ته‌وه، عه‌واد رایگه‌یاندووه، چه‌ند رۆژێك ماوه یاسای ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق په‌سه‌ندبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی بهێنرێت به ده‌ستێوه‌ردانه ئه‌مه‌ریكی و ده‌ره‌كییه‌كان له كاروباری ناوخۆی عێراق .
عه‌واد ده‌ڵێت: "پێگه جه‌ماوه‌رییه‌كان رێگه به ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه و وڵاتانی دیكه ناده‌ن عێراق ملكه‌چیان بێت". هاوكات ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا و سعودیه له رێگه‌ی چه‌ند "كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ر به‌خۆیان" ده‌ست له كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌رده‌ده‌ن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوتله‌ی سادیقوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی كه‌س بهێنێت، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كیشی تۆمه‌تبار كرد به هێشتنه‌وه و هێنانی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆعێراق.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه، كه محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له ئه‌مه‌ریكایه و له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا رایگه‌یاندووه، مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، "ده‌سته‌به‌ری سه‌قامگیری عێراق" ده‌كات و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش، له به‌رژه‌وه‌ندی تیرۆریستانه.
ئ. م