"یه‌كه‌مین به‌ڵگه‌ی چوونی پۆگبا بۆ ریال مه‌درید ئاشكرا ده‌بێت"
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی نزیك له یانه‌ی ریال مه‌درید، پۆڵ پۆگبا ئاماده‌كاری بۆ جێهێشتنی مانچێسته‌ر یونایتد كردووه، له پێناو ریال مه‌دریدیش نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌یتانه سووره‌كان ڕه‌ت كردۆته‌وه و ده‌یه‌وێت بۆ وه‌رزی داهاتوو له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی زینه‌دین زێدان یاری بكات.
پۆگبا گرێبه‌سته‌كه‌ی له هاوینی 2021 له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد كۆتایی دێت، له ماوه‌كانی رابردووش به‌رپرسانی ئیداریی یانه ئینگلیزییه‌كه هه‌وڵیان دا گرێبه‌سته‌كه‌ی پۆگبا نوێبكاته‌وه، به‌ڵام ناوه‌راستكار فره‌نساییه‌كه درێژكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ره‌ت كردۆته‌وه.
رۆژنامه‌ی ماركا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه پۆگبا هاوینی 2016 ئاره‌زووی په‌یوه‌ندیكردنی به ریال مه‌درید هه‌بووه، به‌ڵام به گرێبه‌ستێكی گرانبه‌ها به به‌های 114 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به مان یونایتد كرد، به‌ڵام له ئێستادا زێدان بۆ هاوینی ئه‌مساڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی بۆ گواستنه‌وه‌ی پۆگبا راسپاردووه.
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان به‌رامبه‌ر هۆیسكا راشكاوانه رایگه‌یاند كه ئاواته‌خوازن پۆگبا په‌یوه‌ندی به تیپه‌كه‌یان بكات.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه پۆگبا به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی (مینۆ رایۆلا)ـی راسپاردووه پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی بۆ ریال مه‌درید ته‌واو بكات.