به ڤیدیۆ.. چێڵسی به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد
له گه‌ڕی 32ـه‌می پرێمه‌رلیگ، یانه‌ی چێڵسی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتنێكی به زه‌حمه‌تی له دژی كاردیف سیتی تۆمار كرد، كاتێك به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك جلشینه‌كانی له‌نده‌ن یارییه‌كه‌یان برده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش، به‌ڵام هانده‌رانی چێڵسی نه‌فره‌ت له ماوریسیۆ ساری راهێنه‌ریان ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن به زووترین كات ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه و راهێنه‌رێكیش بۆ شوێنگره‌وه‌ی پێشنیار ده‌كه‌ن.
یانه‌ی چێڵسی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كاردیف سیتی گه‌شتی وێڵزی كرد، یارییه‌كه له گێمی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فیكه‌ی ده‌ستپێكی گێمی دووه‌م، ڤیكتۆریا كاماراسای ناوه‌راستكاری ئیسپانی گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ كاردیف سیتی تۆمار كرد.
رووداوه گه‌وره‌كه له 6 خوله‌كی كۆتایی یارییه‌كه روویدا، كاتێك له خوله‌كی 84 سیزار ئازپیلیكویتا ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ چێڵسی یه‌كسان كرده‌وه.
رۆبن لۆفتووس كه له خوله‌كی 64 ساری راهێنه‌ری چێڵسی خستیه نێو یاریگه و له خوله‌كی 91ـی زیادكراوی یارییه‌كه گۆڵێكی كوشنده‌ی تۆمار كرد و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ی بۆ یانه له‌نده‌نییه‌كه مسۆگه‌ر كرد.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م سه‌ركه‌وتنه، به‌ڵام هانده‌رانی چێڵسی به درێژایی كاتی یارییه‌كه، دروشمی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ماوریسیۆ ساریان له نێو یاریگه به‌رز كردبووه و نه‌فره‌تیان له یاریكردنی چێڵسی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌و راهێنه‌ره ئیتاڵییه ده‌كرد و داوایان ده‌كرد فرانك لامپارد شوێنی ماوریسیۆ ساری بگرێته‌وه.
یانه‌ی چێڵسی ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده 60 خاڵ و له پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ جێگیر بوو، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی كاردیف سیتی به 28 خاڵ له پله‌ی هه‌ژده‌یه‌م دێت و هه‌ڕه‌شه‌ی ماڵئاواییكردنی له خوله‌كه له‌سه‌ره.