به‌ردێكی گه‌وره رێگای هاوینه‌هه‌وارێكی به‌رواری باڵای داخست
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی بارانبارینی زۆر و رۆچوون و هه‌ره‌سه‌وه، به‌ردێكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته خواره‌وه‌و رێگای هاوینه‌هه‌وارێكی له ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵا داخستووه.
هاووڵاتییه‌كی ناوچه‌كه به‌ناوی (ئه‌یاز سلێمان) به كوردستان 24 راگه‌یاند: "به‌هۆی بارانبارینی زۆر، به‌ردێكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته سه‌ر رێگای هاوینه‌هه‌واری گه‌لی بازێ له ناوچه‌ی به‌رواری باڵا و رێگاكه‌ی داخستووه".
ئه‌و هاووڵاتییه ده‌ڵێت: "به‌هۆی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی به‌رده گه‌وره‌كه‌وه رێگای هاتووچۆی ئۆتۆمبێل له ناوچه‌كه‌دا نه‌ماوه".
به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله بارانبارینه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، چه‌ندین رێگاوبان دووچاری زیان بوون و له هه‌ندێك ناوچه رێگاكان به ئاستێك تێكچوون هاتووچۆی ئۆتۆمبێلیان تێدا راوه‌ستاوه.