مەلیحە 31 ساڵە چاوەڕێی دەسگیرانە ئەنفالكراوەكەی دەكات

جگە لە دەسگیرانەكەی 94 كەس لە بنەماڵەكەیان ئەنفالكراون
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

سێ مانگ بەرلە شاڵاوی ئەنفالی گەلی کورد، کچێکی گەرمیانی ئەڵقەی ھاوسەرگیر دەکاتە پەنجەی بەھیوای چوونە ژیانی ھاوسەرگیری، بەڵام شاڵاوی ئەنفاڵی 1988 دەزگیرانەکەی ئەو کچە دەکاتە قوربانی، ئەو 31 ساڵە ئەڵقەی دەسگیرانەکەی لەپەنجەی ھیشتوەتەوە و بەڵینی داوە تاکۆتایی تەمەنی ھەروا بمێنێتەوە.

خۆشەویستییەکی نەبڕاوە و چاوەڕوانییەکی درێژ بووەتە بەشی ژیانی مەلیحە، ئەو سێ مانگ بەر لە ئەنفالکردنی دەڤەری گەرمیان، لە سەرەتای ساڵی 1988دا مارە دەکرێت و ئەڵقەی دەستگیرانی دەکرێتە پەنجە، بەڵام شاڵاوی ئەنفال ھەموو ھیواو ئومێدێکی ئەو لەناودەبات.

ئەو كچە ناوی مەلیحە و 31 ساڵە ئەڵقەکەی ھەر لە پەنجەیە و ھێشتا ھەر چاوەڕوانی دەستگیرانەكەی دەكات.

مەلیحە لەتیف، جگە لە دەستگیرانەكەی ژمارەیەك لە کەسوکاری لەلایەن رژێمی بەعس ئەنفالکراون ئەو بە كوردستان24 گوت: "لە ساڵی 1988 ئەڵقەی ھاوسەرگیرم كردە دەست، دواتر دەستگیرانەكەم ئەنفالكرا، تا مردن چاوەڕێی دەكەم و ئەڵقەكەی لە پەنجەم دەمێنێتەوە، جگە لە دەستگیرانەكەم 94 كەس لە بنەماڵەكەمان ئەنفالكراون".

قۆناخی سێیەمی ئەنفال لە 7 تا 20ی نیسانی 1988 درێژەی کێشا و بە یەکێك لە کوشندەترین قۆناخەکان دادەنرێت، شاڵاوەکە لە رۆژئاواوە رێگا‌ی کەرکووک و دوزخوورماتوو، لە باکورەوە رێگای کەرکووک- چەمچەماڵ، لە رۆژھەڵاتەوە چیاکانی قەرەداغ و لە باشووریشەوە ھەرسێ شارۆچکەی کەلارو کفری و پێبازی گرتەوە، کە دانیشتووانی زیاتر لە 500 گوندو چوار شارەدێ ئەنفالکران.

ھ.م