تره‌مپ و پوتین به‌ته‌له‌فۆن پرسی رێككه‌وتنی نوێ تاووتوێ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا بڵاویكرده‌وه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا كردووه و تێیدا باسیان له رێككه‌وتنێكی نوێی ئه‌تۆمی كردووه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی سپی، له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی 3ی ئایار/ مایۆی 2019 ئه‌نجامدراوه، تره‌مپ و پوتن باسیان له داماڵینی چه‌كی ناووكی له نیمچه دوورگه‌ی كۆریا و ره‌وشی ڤه‌نزوێلاش كردووه.
ساره سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ رۆژنامه‌وانان رایگه‌یاند، تره‌مپ و پوتین باسیان له رێككه‌وتنێكی نوێ و گشتگیرتری ئه‌تۆمی كردووه، جیا له‌و دوو وڵاته چینیش بێته ناو رێككه‌وتنه‌كه، یانیش ده‌كرێت رێككه‌وتنی نێوانیان درێژ بكه‌نه‌وه.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه، مايك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، رووسیا به ده‌ستێوه‌ردان و "تێكدانی ره‌وشی ڤه‌نزوێلا" تۆمه‌تبار ده‌كات، به په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیش ئه‌وه‌ی به سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا گه‌یاندووه.
هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له باره‌ی ره‌وشی ڤه‌نزوێلا ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، به‌تایبه‌تیش واشنتن پشتیوانی خۆی بۆ خوان گوایدۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته راگه‌یاندووه، هه‌رچی مۆسكۆیه، پشتیوانی له نیكۆلاس مادۆرۆی سه‌رۆكی ئێستای ڤه‌نزوێلا ده‌كات.
سه‌رچاوه: Sky News