یه‌كێتی: هێشتا هیچ كاندیدێكمان بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌

"هیچ گرفتێكمان نییه‌ و هه‌ر كاتێك پێویست بكات ئاماده‌ین"

K24- سلێمانی:

وتەبێژی یەكێتی ئاشكرایدەكات، تا ئێستا هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆست و وەزارەتەكان یەكلا نەكردووه‌ته‌وه‌، بەڵام ده‌توانن به‌ بێ هیچ گرفتێك پێشكەشی كابینەی نوێی حكوومه‌ت بكەن.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فه‌رمی حیزبه‌كه‌ی راگەیاند: له‌ كابینه‌ی نویدا یه‌كێتی 6 وەزارەت وەردەگرێت، وێڕای وه‌رگرتنی پۆسته‌كانی سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی هەریمم، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك دەستە و بریكاری وەزارەت.

شێخ عومه‌ر وتیشی: تا ئێستا هیچ ناوێكیان به‌ ته‌واوی بۆ پۆست و وەزارەتەكان یەكلا نەكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌مه‌ نابێته‌ گرفت و هه‌ر كاتێك پێویست بكات یەكێتی پێشكەشی كابینەی نوێی حكوومه‌ت دەكات.

سه‌باره‌ت به‌و وه‌زاره‌تانه‌ش كه‌ پشكی یه‌كێتین، وته‌بێژی ئه‌و حیزبه‌ ی ئاشكرای كرد، هه‌ریه‌ك له‌ وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، كشتوكاڵ، پلاندانان، رۆشنبیری، وەزارەتێكی هەرێم) به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌ون، جگه‌ له‌ ژمارەیەك بریكاری وەزیر و دەستە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆست و وەزارەتەكان، مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەیه‌ك ئه‌نجام ده‌دات.

لەتیف شێخ عومەر گوتی: وێڕای ئیمزاكردنی رێككەوتنی پارتی و یه‌كێتی، ژماره‌یه‌ك وردەكاری دیكە ماونكه‌ هێشتا قسەیان له‌باره‌یه‌وه‌ نەكردووە و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا تاووتوێیان دەكەن.

ئه‌مڕۆ پارتی و یه‌كێتی له‌ سلێمانی له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نویی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و هه‌ریه‌ك له‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوولایان واژوو كرد.

H.B