هاووڵاتییانی مووسڵ دووباره ڕوو له كهمپهكانی ههرێمی كوردستان دهكهنهوه
K24- ههولێر:
کۆچی پێچەوانەی هاووڵاتییانی مووسڵ بۆ ناو کەمپەکانی سنووری ھەرێمی کوردستان لە زیادبون دایە و حکوومەتی عێراقیش بێدەنگیی لەم بابەتە نواندووە. ھاووڵاتییانى مووسڵ و دەوروبەری لە بەر نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی بارودۆخی ئەمنی، دووبارە ئاوارە دەبنەوە و ڕۆژانە دەیان خێزان ڕوو لە کەمپەکان دەکەنەوە. به گوێرهی زانیارییهكان، ڕۆژانە ٢٠ تا ٣٠ خێزان دەگەڕێنەوە کەمپەکان.
فاتمە كه لهگهڵ چوار منداڵەکەی گەڕاوەتەوە بۆ کەمپی حەسەن شام باس لهوه دهكات، كه ژیانی کەمپ بۆ ئەوان باشترە، چونكه كاتێك گەڕاوەتەوە مووسڵ، ماڵەکەی وێران بووە و ھیچ خزمەتگوزارییەکیش لە شارەکەدا نهبووه و ئاماژه بهوهش دهكات، لەگەڵ ئەوەی ژیان لە مووسڵ نییە، ئەمنییەت و سەر و ماڵیشیان لە مەترسی دایه.
زەینەب كه خاوەنی دوو منداڵە و هاوسهرهكهی و برایەکی لە لایەن داعشەوە كوژراون، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی دووبارە ئاوارە بووەتەوە و باس لەوە دەکات، لە لایەن ئیدارەی کەمپەکەوە زۆر خزمەتیان دەکەن و بەردەوام چاودێریی ئەکرێن، بۆیه ناچار بوون جارێکی دیکە ڕوو لەکەمپەکان بکەنهوه و جوختیش دهكاتهوه، كه لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی عێراق قەرەبویان ناکاتەوە، لە کەمپەکانیش بەدەمیانەوە ناهێن و ھاوکارییان ناكات.
لهبارهی كۆچی پێچهوانهی ئاوارهكانی مووسڵ، رەشید دەروێش، بەڕێوبەری کەمپەکانی سنووری خازر ئاشكرای دهكات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە ٥٣٠ خێزان دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ ناو کەمپەکان و ڕێژەکەش ڕۆژانە لەزیادبون دایە، ھاوکارییەکانیش وەك پێویست نین و تا ئێستا حکوومەتی عێراق لە ئاست ھاوکاریکردنیان هیچ ههنگاوێكی نهناوه.
نزیکەی ٦ ھەزار خێزان، کە ژمارەیان نزیکەی ١٠ ھەزار کەس دەبێت, لە ھەرسێ کەمپی خازر، حەسەن شامی دوو و حەسەن شامی سێ، نیشتەجێن, كه لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت و ھاوکاریی دەکرێن, بەڕێوبەری کەمپەکان پێشبینى دەکەن, ڕێژەی کۆچی پێچەوانە زیاد بکات, لە بەر ئەوەی حکوومەتی عێراق ئهو ناوچانه ئاوهدان ناكاتهوه، كه پێشتر لە ژێر دەستی داعشدا بوون, ئێستاش بەشێك لە کەمپەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دادەخرێن، بۆیە ھاوولاتیانی ئاوارەی ناو ئەو کەمپانە، ڕوو لێرە دەکەنهوه.
H.B