به مووشه‌ك وه‌ڵامی هێرشی هاككه‌ران ده‌درێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند، له گورزێكی ئاسمانی‌دا، به مووشه‌ك هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ماڵێك له كه‌رتی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستین، كه به گوته‌ی سوپای ئه‌و وڵاته، له‌وێوه "هێرشی هاككه‌رانی حه‌ماس" بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌ستی پێ كردووه.
جه‌نه‌رالێكی سوپای ئیسرائیل، له یه‌كه‌ی به‌رگریی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، هه‌موو كات توانیویانه به‌رپه‌رچی هێرشی هاككه‌ران بده‌نه‌وه.
تا ئێستاش سوپای ئیسرائیل هیچ ورده‌كارییه‌كی له باره‌ی هێرشی هاككه‌رانی حه‌ماس ئاشكرا نه‌كردووه، ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه به هێرشێكی مووشه‌كی، وه‌ڵامی هێرشێكی هاككه‌رانیان داوه‌ته‌وه.
رونین مانلێس، جه‌نه‌رالی سوپای ئیسرائیل ده‌ڵێت: "دوای چاره‌سه‌ركردن و راگرتنی هێرشه ئه‌لیكتڕۆنییه‌كه، هێزی ئاسمانی به راسته‌قینه وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه".
ماوه‌یه‌كه گرژیی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی و سوپای ئیسرائیل په‌ره‌یان سه‌ندووه و له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا، هه‌ردوولا به مووشه‌ك بۆردوومانی یه‌كتریان كردووه.
سه‌رچاوه: RT
ئ. م