كچێك لە دەڤەری راپەڕین بە گولـلە گیانی لە دەست دا

پۆلیس زانیاری لەبارەی رووداوەكە دەخاتەروو

K24 - رانیە

لە سنووری ناحیەی چوارقوڕنەی سەر به‌  قەزای رانیە، کچێکی تەمەن 13 ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکێك، گیانی لە دەست دا.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین: "شەوی ڕابردوو کچێکی تەمەن 13 ساڵ ب ەناوی هەتاو دارا شێخ زەرد، کە قوتابی پۆلی هەشتی بنەڕەتی بوو، لە گوندی قەمتەرانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە، بە گولـلەی براكەی گیانی لە دەست دا".

رائید شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند: "تەرمی کچەکە لە پزیشکی دادوەریی رانیە توێکاری بۆ كراوە و دەرکەوتووە شوێنەواری گولـلە بەسەر جەستەیەوە دیارە".

ئەو رووداوە لەكاتێكدایە، كه‌ ئەمڕۆ سێیەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی هەتاو بوو، قوتابییە هاوڕێکانی لەسەر کورسییەکەی هەتاو چەپکێک گوڵیان داناو پرسەیان بۆی دانا.

پۆلیس وتەی کەسە نزیکەکانی کچەی وەرگرتووە و بە وتەی ئەوان "رووداوەکە لە کاتێکدا بووە، کە براکەی بە ناوی(م،د) تەمەن 10 ساڵ، لە ماڵی خۆیان لە گوندی قەمتەران، دەستکاریی چەکی جۆری EM4ی کردووە و لەوکاتەشدا فیشەکێک لە چەکەکە دەرچووە و بەر خوشکەکەی کەوتووە و بەم هۆیەوە گیانی لە دەست داوە".

ھ.م

كچێك لە دەڤەری راپەڕین بە گولـلە گیانی لە دەست دا
كچێك لە دەڤەری راپەڕین بە گولـلە گیانی لە دەست دا
كچێك لە دەڤەری راپەڕین بە گولـلە گیانی لە دەست دا