نەمانی دەرمانێك كێشە بۆ نەخۆشخانەكانی كوردستان دروست دەكات

رێگە بە دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت نادرێت ئەو جۆرە شرووبە بێنن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شرووبی ساندیمۆن تایبەتە بەو نەخۆشانەی، كە گورچیلەیان چاندووەتەوە و پێویستە بەردەوام نەخۆشەكە بەكاری بێنێت، بەڵام ئێستا ئەو دەرمانە لە نەخۆشخانەكان نەماوە و دەرمانخانەكانی كەرتی تایبەیش ناتوانن لە دەرەوە بیھێنن، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ "دابینكردنی ئەو دەرمانە لە بەغداوەیە، بۆیە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو بگاتە ھەرێمی كوردستان".

نەمانی شرووبی ساندیمۆن لە نەخۆشخانەكان، ئێستا گرفتی سەرەكی ئەو نەخۆشانەیە، كە گورچیلەیان چاندووەتەوە، ئەم دەرمانە لەو جۆرە دەرمانانەیە، كە بە بەردەوامی لەگەڵ نەخۆشەكە دەمێنێتەوە و پێویستە بەردەوام بەكاری بێنێت، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیش، رێكارەكانی پەیداكردنی ئەو دەرمانە ئاشكرا دەكات.

د. خاڵس قادر، بەرێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو جۆرە دەرمانە لە ھیچ پارێزگایەكی عێراق نییە و بە شێوەیەكی مەركەزی لە عێراقەوە بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێردرێت، ئێستا عێراق گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە و بەپێی زانیارییەكان، دەرمانەكە گەیشتووەتە عێراق و لە پشكنین دەرچووە، چاوەڕێ دەكەین دەست بە دابەشكردنی بكرێت و بەشی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستانیش بگات".

ئەو جۆرە دەرمانە لە دەرمانخانەكانی كەرتی تایبەت قەدەغە كراوە كە دەرمانەكە لە دەرەوە بھێنن، چونكە دەستخستنی شرووبەكە مەركەزییە و لە رێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقەوەیە.

ئەگەرچی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ 12.67 كەم كراوەتەوە، بەڵام لە ناردنی دەرماندا، بڕەكە كەم نەكراوەتەوە و ھەمان 17%ەكەی جاران دەنێرێتەوە، ناردنی دەرمانی ساندیمۆنیش لە چوارچێوەی ئەو دەرمانانەیە، كە مانگانە لە بەغداوە دەگاتە ھەرێمی كوردستانەوە.

ھ.م