به‌په‌له‌.. "بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ دی لیخت گه‌یشته‌ رێككه‌وتن"

"ده‌بێته‌ دووه‌مین یاریزانی ئایاكس رووده‌كاته‌ بارسێلۆنا"

بارسێلۆنا دوای مسۆگەرکردنی فڕانکی دی یونگ نزیکە دووەم یاریزان لەم هاوینە لە ئایاکس ئامستەردامەوە بکڕێت، چاوەڕێ دەکرێت لەم چەند رۆژەدا بارسێلۆنا بەفەرمی گواستنەوەی ماتیاس دی لیختی بەرگریکاری ئەیاکس ئامستەردام رابگەیەنێت، کە نرخی گرێبەستەکەی دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ و سبەی دوایین یاریی بە درێسی ئەیاکس ئەنجام دەدات.

پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیە ماتیاس دی لێخت ببێتە دووەم گرێبەستی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا، دی لیخت دوای کڕینی فرانکی دی یونگ دەبێتە دووەم یاریزانی هۆڵەندی لەم هاوینەوە لە ئایاکس ئامستەردامەوە رووبکاتە ریزەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی.

میدیاکانی کەتەلۆنیا هەموویان بەگوێرەی سەرچاوەکانیان ئاشکرایان کردووە، بارسێلۆنا و ئەیاکس لەبارەی گواستنەویە ماتیاس دی لیختەوە گەیشتوونەتە رێککەوتن و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو ئەم گرێبەستە رابگەیەنرێت.

رادیۆی کادێنا کۆپ ئاشکرایکردووە، رۆژی هەینی رابردوو جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ و ئێریک ئابیدال سەردانی ئامستەردامیان کردووە و زۆربەی خاڵەکانی گرێبەستەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەیاکس یەکلاکردووەتەوە، تەنیا چەند وەردەکارییەکی بچووکی گرێبەستەکە ماوە، دی لیخت بەرامبەر ٦٠ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە دەکات و ١٠ ملیۆن یۆرۆی دیکەش بەگوێرەی دەستکەوتەکانی لە یانە کەتەلۆنییەکە دەچێتە سەر گرێبەستەکەی.

رادیۆی کەتەلۆنیا ئاشکرایکردووە، مانگی رابردوو بارسێلۆنا و مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی دی لیخت رێککەوتنێکیان واژۆکردووە، لە دوایین لێدوانیشیدا دی لیخت دانی بەوەدانا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە بکات.

سبەی چوارشەممە دی لیخت دوایین یاریی خۆی لە خولی هۆڵەندی ئەنجام دەدات و لە دوایین گەڕی خولەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان دەبنە میوانی دێ گرافشاب، کە ئەیاکس ئامستەردام بە رێژەیەکی زۆر نازناوی خولەکەی یەکلاکردووەتەوە.

دی لیختی ١٩ ساڵان یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم وەرزەی ئەیاکس ئامستەردامە، کە لەگەڵ یانەکەی گەیشتە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ و دوو گۆڵیشی کرد، لە خولی هۆلەندیش لە ٣٢ یاری سێ گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.