ئێران چاوەڕێی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمەریكایە

بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ لەگەڵ كابینەی ئێستای ئەمریكا رەت دەكەنەوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/394c4f3e-cbd1-4c66-b7b7-d629a43b622c/052219EXP.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لەگەڵ قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان واشنتن و تاران، بەرپرسانی ئێران بەردەوام دووپاتی دەكەنەوە كە لەگەڵ كابینەی ئێستای ئەمەریكا گفتوگۆ ناكەن، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆكردن لەدۆخێكی جیاوازدا رەت ناكەنەوەو چاویان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆككۆماری ئەمەریكایە، چونكە كاندیدی دیموكراتەكان لەدژی سیاسەتی ترەمپە لەبەرامبەر ئێران.

"شەڕمان ناوێ، بەڵام ئێستاش گفتوگۆ ناکەین"، ئەوە ناوەرۆكی قسەی سەرجەم بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە سەبارەت بە ئەمەریکا. حەسەن رو‌حانی سەرۆککۆماری ئێران شەوانە دوای بەربانگ لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکان کۆدەبێتەوە، لە هەموو قسەکانیشیدا رەستەیەك دەڵێتەوە، ئەو دەڵێ "لەگەڵ گفتوگۆ و دیپلۆماسیدان، بەڵام لە ژێرگوشارەکانی ئێستادا بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەن"، ئەوە قسەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و فەرماندەکانی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێرانیشە.

دەسەڵاتی یەکەمی ئێرانیش هەندێک تووندتر، بەڵام هەمان رای هەیە، لە 15ی ئەم مانگەدا ئایار عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، کە گفتوگۆکردن لەگەڵ کابینەی ئێستای ئەمەریکا وەکوو ژەهر وایە، رێبەری ئێرانیش کە دژبەری سەرەکی ئەمەریکایە، لەدۆخێکی جیاوازو لەگەڵ کابینەیەکی دیکەی ئەمەریکای رەتنەکردووەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران گرەو لەسەر هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی ئەمەریکا دەکەن، لەئێستاوە دیموکراتەکان کاندیدەکەیان چ جۆ بایدن بێت یان ئیلیزابێت وارن یان تەنانەت بێرنی سەندێرزی سەربەخۆش بێ دەگەڕێنەوە بۆ رێکكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و دۆخەکە هێوردەکەنەوە.

گرەوی بەرپرسانی ئێران لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆککۆماری ئەمەریکا لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ کەمپەینی هەڵبژاردنی 2016-ی خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوەو 16 رۆژ دوای ئەوەی وەکوو سەرۆککۆماری هەڵبژێردرا، کەمپەینی هەڵبژاردنی 2020ی چالاک کردەوە، بەپێی دوایین راپرسی ناوەندیی راپرسی گالوپ ئێستا زیاتر لە 45%ی خەڵکی ئەمەریکا لە  ترەمپ رازین، ناوەندی راپرسی راسمۆس ریپۆرتیس دەڵێ 53% ئەمەریکییەکان پشتیوانی لەسیاسەتەکانی ترەمپ دەکەن و ئێستا زۆرینەی رەهای کۆمارییەکان لەگەڵ سەرۆککۆمارەکەیانن،  لەگەڵ ئەوەش ترەمپ دژبەریشی کەم نین، ئەوەی روونە چاوی تاران لەسەر هەڵبژاردنی 2020ی واشنتنە، ئێرانییەکان بەرچاویان بۆ دوای ترەمپ روونە.

ھ.م