ئه‌ڵمانیا ئۆپراسیۆنی ئه‌منی بۆ سه‌ر "السلام 313، مافیا عێراقییه ماتۆڕسوارهكه" ده‌ستپێده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
دواجار ئه‌و تۆڕه عێراقییه‌ی ناویان له خۆیان ناوه (السلام 313) كه‌وته ژێر چاودێریی لێكۆڵه‌ره ئه‌ڵمانه‌كان، زیاتر له 500 ئه‌ندامی پۆلیس به‌شداریی له پشكنینی 49 ماڵی 11 شار و شارۆچكه‌ی ولاته‌كه ده‌كه‌ن.
كه‌ناڵی DW ئه‌ڵمانی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سێك كردووه كه له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه "ماتۆڕ سواره عێراقییه‌وه" هةڕهشهی كوشتنی لێكراوه، ئه‌و گرووپه‌ی ناویان له خۆیان ناوه (السلام 313) و به شێوازی رۆژئاوایی ده‌ژین، ئه‌و گرووپه‌ی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به ئازادی ده‌ژین و ده‌توانن هه‌موو شتێكیان ده‌ستكه‌وێت، مۆبایله‌كانیشیان پڕه له نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، مۆبایلی ئه‌و كه‌سانه‌ی به خۆیان ده‌ڵێن "السلام".
ئه‌و كه‌سه‌شی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه له عێراقه‌وه هاتووه، له وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌هۆی كێشه‌ی ئه‌منی رایكردووه‌و ده‌ڵێت: "كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ن له تاراوگه ئه‌و گرووپه به‌هه‌مانشێوه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێكردوون".
تا ئێستا هیچ كه‌سێك نه‌یوێراوه له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه قسه بكات و ترساوه گرووپی ماتۆڕ سواره عێراقییه‌كه بیكوژن.
دوای ئه‌وه‌ی كه‌ناڵه ئه‌ڵمانییه‌كه زانیاریی له‌سه‌ر مه‌ترسیدارێتی ئه‌و گرووپه ده‌ستكه‌وتووه، له رۆژی 10/5/2019 به نووسراو وه‌ك پرسیار ناردوویانه بۆ ده‌سته‌ی پاراستنی ده‌ستوور (ده‌زگای هه‌واڵگریی ناوخۆ) له ویلایه‌تی باكووری راین، بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری‌یان ده‌رباره‌ی گرووپی (السلام 313) ده‌ستكه‌وێت. به‌ڵام له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه ئاگاداركراونه‌ته‌وه و گوتوویانه: "پلانی هه‌ڵمه‌تێكی پشكنینی گه‌وره‌مان داڕشتووه و 500 ئه‌ندامی پۆلیس به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن و ئێستا گه‌یشتووینه‌ته قۆناغی یه‌كلاكه‌ره‌وه و له داهاتوودا 49 ماڵ له 11 شار و شارۆچكه ده‌پشكنین له ویلایه‌ته‌كانی راین فیتسڤالیا".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی هێربه‌رت روێل، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و ئۆپراسیۆنه ئه‌منییه چه‌ند مانگێكی خایاندووه و ئامانجیان ئه‌وه‌یه به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ریان له‌سه‌ر ماتۆڕسواره عێراقییه‌كان ده‌ستكه‌وێت تا وه‌ك تۆمه‌ت له دادگا ئاراسته‌یان بكه‌ن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "تۆمه‌تی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و گرووپه، گه‌ڕان و پشكنین بۆ 34 تۆمه‌تباری عێراقی و سووری ده‌كرێت، به تۆمه‌تی پێشێلكاری یاسا، قاچاغچێتی مرۆڤ، چه‌ك، مادده‌ی هۆشبه‌ر" لێكۆڵینه‌وه‌كانیش سه‌ركه‌وتنی باشیان به‌ده‌ستهێناوه و ده‌بێته گورزێكی توند بۆ تاوانی رێكخراو له وڵات‌دا. هه‌ر چه‌نده زانیاریی ئه‌وه‌مان نییه ئه‌و گرووپه ته‌نها له باكووری راین ئه‌و كارانه‌یان كردووه یان ناوچه‌كانی دیكه‌ش، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه".

ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی گرووپه‌كه زانراوه
دوایین زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و گرووپه له تۆڕی ئینته‌رنێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا له مانگی 5/2017، پاش ئه‌و به‌رواره گرووپه‌كه هیچ پڕوپاگه‌نده‌یه‌كیان بۆ خۆیان نه‌كردووه، په‌یجی گرووپه‌كه‌ش له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك پڕوپاگه‌نده كۆنه‌كانی له‌سه‌ره. به‌ڵام له یوتیوب، لێكۆڵهریك ڤیدۆیه‌كی 7 خوله‌كی له‌سه‌ر گرووپه‌كه دۆزیوه‌ته‌وه و به وێنه‌ی دراماتیكی و موزیكێكی به‌ھێزه‌وه ده‌رده‌كه‌ون و ماتۆڕسكیلی گه‌وره لێده‌خوڕن به شێوه‌ی جیاجیا، جارێك به ریز و جارێك به ده‌وری سه‌ركرده‌كه‌یاندا بازنه درووست ده‌كه‌ن له كاتی رۆشتندا. هه‌موویان خاوه‌ن ماسولكه‌ی به‌هێزن و چاویلكه‌ی ره‌شی به‌ر خۆر و چاكێتی قایش و پێستیان له‌به‌ردایه.
له ڤیدیۆكه‌دا سه‌ركرده‌ی گرووپی (السلام 313) ده‌ڵێت: "سڵاوتان لێبێت، من ئه‌بو مه‌هدیم، ناوی راسته‌قینه‌م محه‌مه‌د بهنیهیه".
له به‌شێكی دیكه‌دا باسی گرووپه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: "من له سه‌ره‌تای ساڵی 2016 گرووپه‌كه‌م دامه‌زراند، چالاكییه‌كانمان ته‌نها ئه‌ڵمانیا ناگرێته‌وه، به‌ڵكو وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك سوید و دانیمارك و هۆڵه‌نداش. گرووپه‌كه بێ ویژدانانه له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك هه‌ڵسوكه‌وت ناكات، ئه‌وانه‌شی دێن بۆ ئه‌وروپا پێویسته پابه‌ندی ره‌وشت و ئه‌ده‌ب بن". له‌و قسه‌یه‌شدا ئه‌بو مه‌هدی مه‌به‌ستی له عێراقییه‌كانه و خۆی وه‌ك پۆلیسی ئاداب ده‌ناسێنی.
به‌گوێره‌ی بانگه‌شه‌كانی ئه‌بو مه‌هدی، ئه‌و گرووپه بۆ "هاوكاریی دروستكراوه نه‌ك دروستكردنی كێشه".
به‌ڵام ده‌ڵێت، هه‌ندێك له ئێوه پێویستی به گورزی گورچكبڕه له‌سه‌ر شێوازی عه‌ره‌بی و ئێوه باش ده‌زانن مه‌به‌ستم چییه".
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: "ئێمه گرووپی مافیای عێراقی نین، ئه‌وانه‌ی وامان پێده‌ڵێن راست ناكه‌ن".
سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كه ناوی ئه‌بو مه‌هدییه، مه‌هدی لای موسڵمانه شیعه‌كان وه‌ك نه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر ته‌ماشا ده‌كرێت و له كۆتاییدا بۆ كۆتاییهێنان به سته‌م و گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر زه‌وی په‌یدا ده‌بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعه‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌تی. (313) كه‌ش به‌گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی شیعه مه‌زهه‌به‌كان ئاماژه‌یه بۆ ژماره‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌هدی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌رده‌كه‌ون له نزیكبوونه‌وه‌ی رۆژی دوایی".
به‌ڵام تابلۆی یه‌كێك له ئۆتۆمبێله‌كان به پیتی ((E ده‌ستپێده‌كات وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شاری ئیسن، كه شارێكی ناوچه‌ی رووری پیشه‌سازییه له ویلایه‌تی راین فیستڤالیا له رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا و ئه‌بو مه‌هدیش له‌وێ ده‌ژی. هه‌ر له ئیسن بۆ یه‌كه‌مجار رۆژنامه‌یه‌كی ناوخۆیی له ساڵی 2017 له‌باره‌ی گرووپی (السلام 313) بابه‌تێكی بڵاوكردبووه‌وه. ئه‌وكاته قاوه‌خانه‌یه‌كی ئه‌م گرووپه له‌لایه‌ن گرووپێكی لوبنانی ركابهریانهوه به‌ر هێرش كه‌وتبوو و هۆكاره‌كه‌شی به‌هۆی ململانێی نێوان گرووپه‌كان بووه بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر خاوه‌ن دووكان و كه‌سه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه.
له لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانی ویلایه‌تی راین فیستڤالیا باسی تاوانی رێكخراو كراوه كه خه‌ڵكی دیكه ده‌یكه‌ن و سه‌ر به گرووپی (السلام 313) نین و پێده‌چێت ئه‌وانیش ركابه‌ری سه‌رسه‌ختیان له‌ناو توركه‌كان و لوبنانییه‌كان و كورده‌كان هه‌بێت. به‌ڵام گرووپی (السلام 313) ئه‌ندامه‌كانی له دوو وڵات (عێراق و سووریا) پێكهاتوون و له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانیان توندترین شێواز به‌كارده‌هێنن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كێك له كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا گوتوویه‌تی، گرووپی "السلام 313" به چالاكییه‌كانیاندا دیاره خاوه‌ن باكگراوندێكی ئایینی و سیاسین، گوومانی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره ئه‌و گرووپه‌یان به هاوكاریی برا هاومه‌زهه‌به چه‌كداره‌كانیان له عێراق پێكھێنابێت".
قسه‌وباسی ئه‌وه‌ش هه‌یه له‌نێوان سه‌ركرده‌ی گرووپی (السلام 313) و سه‌رایای سه‌لامی سه‌ر به موقته‌دا سه‌در په‌یوه‌ندی و هاوكاریی هه‌بێت. چونكه له ئاڵای سه‌رایای سه‌لام و گرووپی سه‌لام 313 كۆتر وه‌ك سیمبۆل هه‌یه.