داعش گورزێكی گەورە لە بەرھەمی زەیتوونی دەشتی نەینەوا دەدات

داعش 10 ھەزار دار زەیتوونی دەشتی نەینەوای سووتاندووە
kurdistan24.net

K24 - باشیك

شارەدێكانی باشیك و بەحزان بە زەیتوون بەنێوبانگن و سەرچاوەی سەرەكی داھاتی خەڵكی ناوچەكەیە، ساڵانە بڕێكی زۆر زەیتوون دەنێردرێتە شارەكانی عێراق و پێشتر ساڵانە 2700 تەن زەیتوون بەرھەمی ھەبوو، بەڵام بە ھاتنی داعش بۆ سنووری پارێزگای نەینەوا، لە یەك ملیۆن و 500 ھەزار دار زەیتوون، زیاتر لە 10 ھەزاریان سوتێندراون، ئەوەش زیانێكی گەورەی ئابووری بە خەڵكی گەیاندووە كە زیانەكان بە دوو ملیار و 160 ملیۆن دینار بێت لە ساڵێكدا دەخەملێنرێت.

پێش ھاتنی داعش لە گوندی فازڵیەی دەشتی نەینەوا 45 ھەزار بنە دار زەیتون ھەبوون، بەڵام چەكدارانی داعش بەشێكی زۆری زەیتونەكانیان سوتاند، پاش ئازاد كردنی ناوچەكانیان و گەڕانەوەیان خەڵكی ناوچەكە جارێكی دیكە دەستیان كردووەتەوە بە خزمەتكردنی زەیتوونەكانیان.

دانیشتووێكی گوندی فازڵیە بەناوی بەشیر خەلیل، كە پێشتر 6 ھەزار بنەداری زەیتوونی ھەبوو بە كوردستان24ی گوت: "ئەوكاتەی داعش ھاتە ناوچەكەمان ماڵ و باخەكانمان جێھێشت بەشێكی زۆری زەیتوونەكانمان سوتان، ئێستا بەراورد بە پێش ھاتنی داعش بەرھەمەكانیان كەمبووەتەوە".

ھ.م