لادانی پاشناوای "ئیسلامی" ده‌بێته‌وه ڕۆژه‌ڤی حزبه ئیسلامییه‌كان
K24- هه‌ولێر:
پرسی لادانی پاشناوی "ئیسلامی" لە پێناسه‌ی ناوی كۆمەڵی ئیسلامی‌دا گه‌رم بووه، ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەو حزبەش دەڵێت: "تا ئێستا ھیچ شتێك یەكلایی نەكراوەتەوە و ھەمووی ھەڵگیراوە بۆ كۆنگرە". لە بەرامبەردا سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتوو ھۆكاری ئەم ھەوڵەی حزبە ئیسلامییەكان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "ھەوڵەكانی لادانی پاشگری ئیسلامی بۆ كرانەوەی زیاتر و كۆكردنەوەی جەماوەرە لە دەوری خۆیان".
بەشێك لە ئەندام و لایەنگرانى ھێزە ئیسلامییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی, كە حزبەكانیان پێویستییان بە كرانەوەی زیاترە و هێشتنه‌وه‌ی پاشناوه‌ی ئیسلامیش بە داخراوی دەیانھێڵێتەوە، بۆیه لابردنی ئه‌و پاشناوه لەنێو كۆمەڵی ئیسلامیشدا لە ئارادایە.
له‌م باره‌یه‌وه شوان رابەر, ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە دەڵێت: "ھێشتا ھیچ شتێك یەكلایی نەبووەتەوە و ئه‌و بابه‌ته بۆ كاتى به‌ستنی كۆنگرە هه‌ڵگیراوه".
لای خۆیشیه‌وه ئەبوبەكر كاروانی, كه به‌رپرسێكی یه‌كگرتووه و زۆر كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دان، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی هه‌ڵگرتنی پاشناوی "ئيسلامى"یه له‌سه‌ر پێناسه‌ی حیزبه ئیسلامییه‌كان، له لێداونێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 جه‌خت ده‌كاته‌وه: "یه‌كه‌میان: ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاندووه كه حیزبه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگاكه‌مان به پاشناوی ئيسلامى بناسرێن، چونكه خۆی له‌خۆیدا كۆمه‌ڵگای ئێمه به كۆمه‌ڵگایه‌كی ئیسلامی ناسراوه. دووه‌میش: كرانه‌وه‌یه به رووی جیهانی ده‌ره‌وه و لابردنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یه، كه حیزبه ئیسلامییه‌كانی له‌ناو كۆمه‌ڵگا سنووردار كردووه و به هۆیه‌وه نه‌یانتوانیوه له رووی فه‌رهه‌نگی و سیاسیشه‌وه له ناو كۆمه‌ڵگا هه‌نگاوی گه‌وره بنێن".
سێ حیزب له هه‌رێمی كوردستان به پاشناوی "ئيسلامى" ده‌ناسرێن، ئه‌وانیش: كۆمەڵی ئیسلامی, یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامین، لەنێو یەكگرتوودا چەندین جار ھەوڵ دراوه ئەو پاشناوه له پێناسه‌ی حزبەكەيان لاببرێت، ئەمەش بە فەرمی لە كۆنگرەی پێنجەمەوە پێشنیاز كرا، بەڵام چەند دەنگێكی كەمی ھێنا و لە كۆنگرەكانی دواتردا باسی لێوە نەكرا.
H.B