بەرھەمی سپیایی خۆماڵی لە بازاڕەكاندا زیادی كردووە
K24 - سلێمانی:
بە ھۆی زۆریی بارانبارینی ئەمساڵ و مانەوەی سەوزایی تا ئێستا، بەرھەمى سپیایی خۆماڵی بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکان زیادی کردووە، ھاووڵاتیانیش لە خواردنی قووتووبهندكراو دوور کەوتوونەتەوە و روویان داوەتە بەرھەمە ناوخۆییەکان.
فرۆشیارانیش دەڵێن: "خەڵکێکی زۆر دەستی داوەتە بەخێوکردنی ئاژەڵ، بۆیە بەرھەمەکان زیادبوون".
گەرچی ساڵانی رابردوو بەرھەمە سپیایيەکان ھەر زوو لە وەرزی بەھار، لە بازاڕەکان کەم دەبوونەوە، یاخود کۆتاییان پێ دەھات، بەڵام زۆری سەوزايی لە سنوورەکان، ئەو بەرھەمانەی ھێشتا لە بازاڕەکان ھێشتووەتەوە.
زۆریەك لە فرۆشیارەکانیش دەڵێن "زیاتر لە 10 ساڵە بەرھەمی وا زۆری سپیایيە نەھاتووەتەوە بازاڕەکانەوە".
بەرھەمە ناوخۆییە سپیایيەکان، جگە لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆيی سلێمانی، دەنێردێنە شارەکانی ناوەڕاست و باشووریش، چونکە بارانبارینی ئەمساڵ بەخێوکردنی ئاژەڵی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردبوو.
ئ. م