هه‌ولێر.. چیرۆكی ئەو گەنجەی بە ھۆی نەشتەرگەریی بچووككردنەوەی گەدە گیانی لەدەست دا

"له‌ جیاتی یه‌ك نه‌شته‌رگه‌ری سێ نه‌شته‌گه‌ری بۆ ئه‌نجام دراوه‌"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گەنجێكی شاری ھەولێرو كە كێشی 130 كیلۆ بوو، ویستی بە نەشتەگەریی بچوككردنەوەی گەدە، كێشی خۆی دابەزێنێ، گیانی لە دەست دا. ھاوژینەكەی سكاڵای لە تیمی پزیشكی هه‌یه‌ و دەڵێ: "لە بری یەك نەشتەرگەری، 3 نەشتەرگەری بۆ كراوە، كه‌ دوو نەشتەرگەری بێ رەزامەندیی بنەماڵە و كەسوكاری بووە". سەرۆكی تیمی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكەش ھەموو پڕوپاگەندەكان سەبارەت بە راكردنی پزیشكەكە رەت دەكاتەوە. لە ھەمان كاتدا لیژنەیەكی تایبەت لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم كەیسە راسپێردراوە، بەداوداچوون و لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن.

مام كەریم، باوكی ئەو گەنجەیە كە بە ھۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گیانی لە دەست داوە، دڵی ئەو باوكە بە كوڵە بۆ لەدەستدانی كوڕەكەی و دەڵێ: "تكام لێ كرد كە نەشتەرگەری نەكات، بەڵام بە گوێی نەكردین و بە مانگی رەمەزان ماڵی وێران كردین".

شوان كەریم، تەمەن 37 ساڵ بە ھۆی نەشتەرگەریی بچوككردنەوەی گەدە، لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەھلییەكانی شاری ھەولێر، دوای ئەنجامدانی 3 نەشتەرگەری، گیانی لە دەست دا. ھاوژینی شوان كە لە یەكەم چركەكانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ تا كۆتایی، لەگەڵ ھاوسەرەكەی بووە، باس لەوە دەكات كە بڕیار بوو یەك نەشتەگەری بۆ بكرێ، بەڵام بووەتە 3 نەشتەرگەری و بێ ئاگاداریی بنەماڵەكه‌ی 2 نه‌شته‌رگه‌ری دیكه‌ی بۆ كراوە، بۆیه‌ سكاڵای لەسه‌ر پزیشك و تیمی نەخۆشخانەكە هه‌یه‌.

لە وەڵامی گلەیی و سكاڵای ئەو خێزانە بۆ گیان لەدەستدانی كوڕەكەیان، سەرۆكی تیمی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكە دەڵێ: "ئێمە چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی بە دوداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكەین و دەنگۆی ھەڵاتنی پزیشكی نەشتەرگەری و شاردنەوەی مردنی نەخۆشەكەش، كە لە سۆشیال میدیا باس كراوە، بە تەواوی رەت دەكەینەوە".

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی مەرگی نەخۆشەكە، لێژنەیەكی تایبەت بۆ ئەم بابەتە دەست نیشان كراوە، كه‌ بە دواداچوونی ورد بۆ كه‌یسه‌كه‌ دەكەن و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ نەخۆشخانە و پزیشكیش دەكرێ.

ھ.م