توركیا تۆڵه‌ی عه‌فرین له تل ره‌فعه‌ت ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا رایگه‌یاند: "رۆژی یه‌كشه‌ممه 9/6/2019 شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ناوچه‌ی عه‌فرین و به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه سه‌ربازێكی توركیایان كوشتووه، له به‌رامبه‌ردا سوپای توركیا پێگه‌كانی یه‌په‌گه‌ی له تل ره‌فعه‌ت ده‌ستنیشان كردووه و كردوونیه‌تییه ئامانج".
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "پێگه‌كانی یه‌په‌گه‌یان له ناوچه‌ی تل ره‌فعه‌تی سه‌ر به پارێزگای حه‌له‌ب له باكووری سووریا كردووه‌ته ئامانج و به‌هۆی هێرشی یه‌په‌گه بۆ سه‌ر پێگه‌یه‌كی سه‌ربازیی توركیا له عه‌فرین تل ره‌فعه‌تیان بۆردوومان كردووه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ته‌ئكیدكراوه‌ته‌وه كه "سوپای توركیا به چه‌كی قورس پێگه‌كانی یه‌په‌گه‌یان له تل ره‌فعه‌ت به چڕی بۆردوومان كردووه و ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ی هێرشه‌كه‌یان دژی سوپای توركیا ئه‌نجام دابوو به‌هۆی بۆردوومانه‌كه‌وه كوژراون".
سوپای توركیا ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن له ناوچه سنووریه‌كان و رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی یه‌په‌گه ده‌بنه‌وه كه توركیا به "تیرۆریست" و به به‌شێك له په‌كه‌كه ناویان ده‌بات.
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا پێشتر رایگه‌یاندبوو، به‌هۆی ھێرشی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌وه بۆ سه‌ر خاڵێكی سه‌ربازیی توركیا له ناوچه‌ی عه‌فرین، سه‌ربازێكیان كوژراوه و 6 سه‌ربازی دیكه‌ش بریندار بوون. شه‌ڕڤانه‌كانیش له ناوچه‌ی تل ره‌فعه‌ته‌وه هاتوون و هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه.