ئاگری پەكەكە و توركیا خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەسوتێنێ
K24 - ھەولێر
پەکەکە و تورکیا بە قوڵایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر ململانێ و تێکھەڵچوونە سەربازیەکانیان ھێناوەتە نێوخاکی ھەرێمی کوردستان و لە دەڤەری برادۆست لەسێگۆشەی سنووری لەکۆی 263 گوند 115 گوندیان چۆڵكراون، بەردەوامی بارودۆخی ناھەمواری ناوچەکە وایکردووە گوندنشینان زیانی زۆری ماڵی و گیانیان بەربکەوێت و بەشێک گوندنشینانیش داوای دوورخستنەوەی شەڕ لە پەکەکە و تورکیا دەکەن ناخوازن چیتر گوندەكانیان بەھۆی شەڕی ئەوان چۆڵ بكەن.
یەكێك لە قوربانییەكانی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا لەناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان خۆشەوییە، ئەو وەک پێشمەرگە بەشداری زۆربەی شەڕەکانی دژی داعشی کردووە و گیانی پارێزراو بووە، دواجار خۆشەوی دەبێتە قوربانی ئاگرێک ھیچ ھۆکار و بیانوێکی رەوای تێدا نابینێ و ئەوان باجی دەدەن.
خۆشەوی لە لە بەرەبەیانی 5/6/2019 لەگەڵ بەشێکی گوندنشینانی دوای کوژاندنەوەی ئاگر كە بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا لە سنووری گوندەکەیان كەوتبووەوە، لە كاتی گەڕانەوە بە ئۆتۆمبێلەکەی دەکەوێتە نیشانەی مووشەکێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و قاچی چەپی دەپەڕێت.
لەلایەكی دیكە زۆر لە گوندە سنوورییەكانی سەر بە پارێزگای دھۆك بوونەتە مەیدانی شەڕی پەكەكە و توركیا و بەشێك لە گوندنشینان ناوێرن بگەڕێنەوە گوندەكانیان، ھاووڵاتییەكی گوندی كەشان دەڵێ "پەكەكە ھەڕەشەی لێكردوین كە نەچینەوە ناو گوندەكەی خۆمان، منیش لەبەر ئەوە بە چەكەوە دەچمەوە گوند".
ھ.م