55 هه‌زار چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانیان له عێراق و سووریا دیل و ده‌ستبه‌سه‌رن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 24/6/2019، به‌رپرسێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "55 هه‌زار چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانیان كه به‌شێكیان بیانین له عێراق و سووریا به دیل گیراوون و له زیندانه‌كاندا ده‌ستبه‌سه‌رن".
میشێل باشیلیت، نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌وانه‌یان گومان‌لێكراو نه‌بن و دهستگیركرابن مایه‌ی قه‌بووڵكردن نییه و پێویسته ره‌وانه‌ی دادگای دادپه‌روه‌ر بكرێن یان ئازاد بكرێن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: "پێویسته ئه‌ندامانی خێزانه بیانییه‌كانی داعش كه له عێراق و سووریا ده‌ستگیركراوون و هێشتا دادگایی نه‌كراوون، وڵاته‌كانی خۆیان به‌رپرسیارێتی هاووڵاتییه‌كانیان بگرنه ئه‌ستۆ".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویسته وڵاتان به‌رپرسیارێتی هاووڵاتییه‌كانیان له ئه‌ستۆی خۆیان بگرن، پێویسته نه‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی منداڵانی چه‌كداره‌كانی داعش له وڵاتینامه بێبه‌ش بكرێن كه به‌هۆی باوكیانه‌وه نه‌هامه‌تی زۆریان چه‌شتووه".
قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له كاتێكدایه، له وڵاتانی ئه‌وروپی مشت‌ومڕ هه‌یه له‌سه‌ر خێزانه گه‌ڕاوه‌كانی داعش بۆ وڵاته‌كانی خۆیان.
له رابردووش‌دا عێراق ژماره‌یه‌ك منداڵی چه‌كدارانی داعشی داوه‌ته‌وه به چه‌ند وڵاتێك، له‌وانه رووسیا. هه‌روه‌ها هێزه كوردییه‌كانی سووریا ژماره‌یه‌ك منداڵی چه‌كدارانی داعشی ناو خێوه‌تگاكانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان راده‌ستی چه‌ندین وڵات كردووه‌ته‌وه. له نێویاندا ئوسترالیا و به‌لجیكا هه‌یه.