ئەمساڵ كاتەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتیان زیاتر دەبێت

گەرما كاریگەرییەكی زۆری نەكردووەتە سەر كارەبای نیشتمانی
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پێدانی کاتەکانی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتیان بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشترە، لەكاتێكدا کە ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما کارەبای نیشتمانی کەمدەبوەوە. بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکەن بۆ مانگی تەمموز کاتەکانی کارەبای نیشتیمانی بەھەمان شێوەی ئەم مانگە بێت".

لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھاووڵاتیان مەترسی ئەوەیان ھەیە کە کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەم ببێتەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ کە وا لە کۆتایەکانی مانگی حوزەیران داین بەراورد بە ساڵانی رابردوو کارەبای نیشتیمانی لە دۆخێکی باشدایە و رۆژانە 18 بۆ 19 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانیش دەڵًێت "دۆخی کارەبا لە گەڵ ساڵی رابردوو جیاوازی ھەیە ئەمەش بە ھۆکاری ئەوەی بڕی بەرھەمھێنانی مێگاواتەکانی کارەبا زیادی کردووە".

دەشڵێت "ئەگەر کەشوھەوا لەبار بێت مانگی تەمموزیش کاتەکانی پێدانی کارەبا بە ھاووڵاتیان وەک ئەم مانگە دەبێت".

چەند ساڵێکە ھاوشانی کارەبای نیشتمانی موەلیدە ئەھلییەکان کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدەن بە تایبەت لە وەرزی ھاویندا، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی موەلیدە ئەھلییەکان دەڵێ، ئەگەر دۆخی کارەبا ھەر وا بەردەوام بێت ئەوان وەک موەلیدە ئەھلییەکان زیان دەکەن، بۆیە پێویستە حکوومەت ئاوڕیان لێبداتەوە.

لە ھەرێمی کوردستان ئێستا بڕی 3500 میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنرێت، کە بڕی 2800 بۆ 2900 میگاواتی دابەش دەکرێت بەسەر ھاووڵاتیاندا، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە دابەش دەکرێت بەسەر کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش ژمارەی ئەو موەلیدە ئەھلیانەی کار دەکەن  و کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدەن 540 موەلیدەن.

ھ.م