سیاسەتمەدار و نووسەران و هونه‌رمه‌ندان هیوایان به‌ مه‌سرور بارزانییه‌

به‌ راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت خۆشحاڵن

K24 - هه‌ولێر:

سیاسەتمەدار و نووسەران و هونه‌رمه‌ندان هیوایان به‌ مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکو‌مەتی ھەرێمی کوردستانه‌ و ئەندام پەرلەمانێكی سەر لیستی پارتی سوسیال دیموکرات سویدیش دەڵی: "دڵخۆشین بە ھەڵبژاردنی مەسرور بارزانی و ده‌مانه‌وێت ھەماھەنگیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت".

ئاندێش ئۆستێربەری، ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی سوسیال دیموکرات سوید گوتوویه‌تی: "ئێمە دڵخۆشین بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی، پێشتر هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە و دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەردەوام بن. ئەمە هەنگاوێکی باشە لەم دۆخە نوێیەدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ھونەرمەند زوبێر ساڵح، رایدەگەیەنێت: "ھیوای گەورەیان بە مەسرور بارزانی ھەیە بۆ چوار ساڵی داھاتووی حكومەتی ھەرێمی كوردستان".

داواش دەكات، مەسرور بارزانی وەك چەترێك ھونەرمەندانی ھەر چوار پارچەی كوردستان كۆبكاتەوە و ئاوڕ لە ئێش و ئازارەكانی ھونەرمەندان بداتەوە، دڵنیاین خەونەكانی ھەموو تاكەكانی كورد بەدیدەھێنێت.

هه‌روه‌ها نەواف خەلیل، سیاسەتمەداری رۆژئاوای كوردستان ده‌ڵێت: "چاویان لەوەیە مەسرور بارزانی كار بكات بۆ یەكخستنی نێوماڵی كورد و نزیككردنەوەی لایەنەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان.

داواش دەكات كاری جددی بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكان بۆ سەر ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و دروستكردنی كۆدەنگی لەسەری.