وەزارەتی بەرگری عێراق جیاوازی له‌ نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركووك ده‌كات

بۆ خولی ئەفسەران له‌ كۆی 34 كه‌سی وه‌رگیراو ته‌نیا چواریان كوردن
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

وەزارەتی بەرگری عێراق جیاوازی رێژەی پێکهاتەکانی کەرکووک لەبەرچاو ناگرێت لە وەرگرتنی دەرچووانی شەشی ئامادەیی بۆ خولی ئەفسەران تەنها لە 4%ی کوردی وەرگرتووە بۆ ئەفسەری لەشاری کەرکووک، رێژەکە لەچاو دانیشتووانی کورد زۆر کەمە، چونکە کورد لەوشارە زیاتر لە 50%، بۆیە لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بابەتەکە هاتوونەتە دەنگ نامەیەکیان بۆ وەزیری بەرگری عێراق ناردووەو داوا دەکەن کە یەکسانی لەنێوان پێکهاتەکاندا هەبێت لەوەرگرتنی قوتابیان بۆ خولی ئەفسەری و رێژەی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت.

لەکۆی 34 کەس کە دانیشتووی کەرکووکن و وەرگیروان لە خولی ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگری عێراق، تەنها چوار کەسیان کوردن، ئەوانەی کە وەگیراون لە رێگای نووسراوێکی نهێنیەوە داوایان لێی کراوە کە ئامادەبن لە وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ بینینی خولی سەربازی.

ئەم بابەتە ئێستا لەپەرلەمانی عێراقەوە جوڵێنراوەو لیژنەی ئاسایش داوا دەکات یەکسانی لەنێوان نەتەوەکان هەبێت.

ناسر ھەركی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق- لە لێژنەی ئاسایش و بەرگری بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی ناوی ئەو كەسانە بۆ خولی ئەفسەری دەرچوو، بەدواداچوونمان كرد لەبارەی رێژەكە، بەداخەوە رێژەی كورد زۆر كەمتر لەوەی كە وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش دایناوە، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم بە وەزیری بەرگری كرد و لەو بابەتە ئاگادارمان كردەوە".

ھەر پەیوەست بەو بابەتە محەمەد جەلیل جەباری، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی ئیسلامی بە كوردستان24ی گوت: "ئەو ھەنگاوە دەبێتە مایەی نا سەقامگیری زیاتر لە كەركووك، واتای ئەوەیە كە لە كەركووك زوڵم لە نەتەوەیەك دەكرێت، بێگومان ئەو نەتەوەیەش قبووڵی ناكات".

ھ.م