لایه‌نه‌ شیعییه‌كان پشتیوانی له‌ بڕیاری چه‌ككردنی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن

پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکانی عادل عەبدولمەهدی ده‌ربڕی
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئەندامانی کوتلە جیاوازەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپەکانی حەشدی شەعبی و داخستنی بارەگاکانیان دووپات كرده‌وه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان كرده‌وه‌ و داوایان كرد چه‌ك ته‌نیا به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت.

بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییە شیعەکان، گروپی چەکداری تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆیە هەرچەندە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییان بە دڵ نییە، بەڵام لەم دۆخە ئاڵۆزەی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران و رۆڵی هەستیاری عێراق لەم گرژییانە، ناتوانن دژی بوەستنەوە.

وەلید سەحلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ کوتلەی بەدر رایگه‌یاند، "دەبێت رێز لە ناوی حەشدی شەعبی بگیرێت و وەک دامەزراوەیەکی سەربازی گرنگ لە چوارچێوەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان سەیربکرێت، لەم بارودۆخەدا بوونی چەک بەدەست دەوڵەتەوە پێویستییەکی گرنگە، وا پیشانی جیهان بدرێت، کە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی یاساییە لە عێراقدا".

ساڵی 2016 بڕیاری تێکەڵ کردنی گروپەکانی حەشدی شەعبی بە هێزە ئەمنییەکان دەرچوو، بەڵام زیاتر وەک گروپی سەربەخۆی دوور لە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەردەکەوتن و فەرمانیان لەلایەن حزبە سیاسییەکانی خۆیانەوە وەردەگرت، تەنانەت بەشێکییان فەرمانیان لە ئێرانەوە بۆ دەهات، هەربۆیە ئەمه‌ریکا هەڕەشەی بە ئامانج گرتنی ئەو گروپانەی کردبوو، ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێران رووبدات.