تەقە له‌ تیمێكی شارەوانی ھەڵەبجە كرا

دوای رووداوەكە تەقەكەرەكە دەستگیر كرا و درایە دادگا

K24 – ھەڵەبجە:

ئەمڕۆ لەو كاتەی سەرۆكی شارەوانی و پۆلیسی شارەكە بە مەبەستی تێكدانی شوێنی ئاژەڵ بەخێوكردن سەردانی ناو شار دەكەن و دەیانەوێت چەند شوێنێك تێكبدەن تەقەیان لێكرا.

كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە مەبەستی تێكدانی ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان لێ بەخێو دەكرێت چووینە ناوشار، لەوكاتە تیمەكان ویستیان یەكێك لەو شوێنە تێكبدەن كە لەناو شار ئاژەڵی تێیدا بەخێو دەكرێت، لەلایەن خاوەنەكەی تەقە كرا".

گوتیشی: "دوای رووداوەكە تەقەكەرەكە دەستگیر كرا و درایە دادگا".

ئاماژەی بەوەشكرد: "پێشتر شارەوانی ھەڵەبجە دانیشتووانی ھەڵەبجەی ئاگادار كردبووەوە كە بەخێوكردنی ئاژەڵان لەناو شار قەدەغه‌یە".