فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری ناحیەی ژاراوەیان بۆردومان کرد

"بۆردومانەکان زۆر نزیک بوون لە خاڵە چاودێرییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران"

K24 – هه‌ولێر:

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا شاخی سادر لە سنووری ناحیەی ژاراوەی قەزای پشدەر و ناوچەکانی ئاڵیە ڕەش و جاسوسانیان بۆردومان کرد .

دوای هێرشەکەی هەینی ڕابردوو بۆ سەر کورتەک و گوندی بەردکوڕانی سنووری ناحیەی سەنگەسەر کە بووە هۆی شەهیدبوونی سێ ئەندامی یەک خێزان و برینداربوونی پێنج ئەندامی دیکەی هەمان خێزان، ئەو بۆردومانەی ئەمڕۆ لەماوەی هەفتەیەکدا بە یەکەم بۆردوومان دادەنرێت.

لەبارەی زیانە گیانیەکانی ئەمڕۆ، تا ئێستا هیچ زانیاریەک ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بۆردوومانەکە چەند ناوچەیەکی جیاوازی کردۆتە ئامانج و بە وتەی شایەتحاڵەکان لە ناوچەی گەناوی و سەری جاسوسیان بۆردوومانەکە زۆر نزیک بووە لە ڕەبایە و خاڵە چاودێرییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەکەونە سنووری ئێران و باشوری کوردستان.

H.J