به‌غدا.. زیاتر له‌2000 به‌ڕێوبه‌ری گشتیی به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌درێنه‌ دادگا

لەناویشیاندا 5 پەرلەمانتار هەن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای كرد, 2 هەزار و 607 کەس لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرزتر لەو پلەیە لە عێراق تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە، لەناویشیاندا 5 پەرلەمانتار هەن.

ده‌سته‌كه‌ راشیگه‌یاند، 4 هەزار و 114 دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسان لە دەستەکەیان هەیە و کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکانیان تەواو نەبووە و یەکلایی نەکراونەتەوە.

سەڵاح نووری، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بەوەکالەت رایگەیاند، دۆسییەی 2 هەزار و 100 بەرپرسی عێراقییان ئاراستەی دادگا کردووە، کە تۆمەتی گەندەڵیان دراوەتە پاڵ و تەواوی زانیارییەکانیش لەبارەی تۆمەتەکان و ئەو بڕە پارەیەی بە بردنی دراوەتە پاڵیان لە دۆسییەکاندا هەیە،  هەروەها لە ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی داواکراوە، پەلە لە یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیانە بکرێت.

سەبارەت بە کۆی ئەو دۆسییانەی تایبەت بە تێوەگلانی بەرپرسانە لە گەندەڵی و لەلای دەستەی دەستپاکی تۆمارکراون، سەڵاح نووری رایگەیاندووە، 4 هەزار و 114 دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسان لە دەستەکەیان هەیە و کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکانیان تەواو نەبووە و یەکلایی نەکراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، چوار پەرلەمانتاری ئێستای عێراق هاوشێوەی بەرپرسەکانی دیکەی لە گەندەڵی تێوەگلاون و دۆسییەیان رەوانەی دادگا کراوە، بۆیەش داوا لە پەرلەمان دەکەین، حەسانەیان لەسەر هەڵبگرێت، تاوەکو لەبەردەم دادگا ئامادەبن.

ئ.ر