800 هەزار عەرەبى هاورده لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکووك
K24 - كهركووك:
بە گوێرهی راپۆرتێکی بزووتنەوەی مافی کورد، لە دوای ساڵی 2006ـەوە، نزیکەی 800 هەزار هاووڵاتی عەرەب لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکووك، لەو ژمارەیە تاکو ئێستا کەمتر لە 200هەزاریان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
ههر به گوێرهی راپۆرتهكه، ئەوانی دیکە لە دوای 16ى ئۆکتۆبەرەوە پشتگیری نیشتەجێبوونیان بۆکراوە و زۆربەشیان لە دامودەزگا حکوومییەکان دامەزراون، بەشێکيان، عەرەبی هاوردەن و قەرەبووی مادەی 140یشیان وەرگرتووە.
تەعریب وەك بەشێك لە پڕۆژەی بەعس لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه کوردستانییەکان لە دژی کورد جێبەجێدەکرێت.
پڕۆژەکە هێشتا بەزیندوویی ماوەتەوە و دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق وەکو میراتگری بەعسیيەکان درێژەیان پێداوە و کوردیان لە زۆربەی شوێنەکان ڕاگواست و لە شوێنی ئەوان عەرەبیان نیشتەجێکرد.
لەساڵی 2006 بەبیانووی شەڕی تایەفی 13 ههزار خێزان، کە 60 ههزار کەس بوون لە کەرکووك نیشتەجێکران و تاکوئێستا نیوەی ئەو ژمارەیە لە کەرکووك ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
لە ساڵی 2014 و بەهۆی شەڕی داعشەوە، 118 ههزار خێزان، کە 700 هەزار کەس بوون لە کەرکووك نیشتەجێکران، بەشێکیان خەڵکی شارەکانی مووسڵ و دیاله و تکریت و ئەنبار بوون، بەشەکەی دیکەیان خەڵکی حەویجە و عەباسی و ڕیاز و ڕەشاد و زاب بوون، لەو ژمارەیە تەنیا 150 ههزاریان گەڕاونەتەوە.
تەعریب کوردی لە دامودەزگا ئەمنی و ئیدارییەکانیش لاوازکردووە، جیاوازی نەتەوەیی بە ئاشکرا له كهركووك بەدی دەکرێت زۆرینە بووە بە کەمینە و هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە.
ئ. م