جەبار یاوەر: دروستكردنی ھێزێك لەلایەن پەكەكەوە نایاساییە

"لەسەر بەزاندنی سنوورەكان دەبێ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكات"

K24 - ھەولێر

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا 450 گوندی ھەرێمی كوردستان چۆڵكراون و دروستكردنی ھێزێك لەلایەن پەكەكە ھەڵەیە و نایاساییە، پەكەكە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكەیە و پاراستنی ھەرێمی كوردستان تەنھا ئەركی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە كوردستان24ی گوت: "بۆردوومان و تۆپباران كردنی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بەھۆی بوونی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانە لەسەر سنوورەكان، ئەو بابەتە بابەتێكی سیادییە و دەبێ حكوومەتی عێراق لەسەر بەزاندنی سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ بكات، چونكە بەپێی دەستوور ھەرێمی كوردستان ناتوانێت لەسەر سنوور گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بكات".

جەبار یاوەر، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئابووری ھەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێران، بۆیە بوونی ئاڵۆزی لەسەر سنوورەكان كێشە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دروست دەكات".

ئاشكراشی كرد: "بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا تائێستا زیاتر لە 450 گوندی ھەرێمی كوردستان چۆڵكراون، خەڵك ناتوانن بگەڕێنەوە سەر رەز و باخەكانیان، لەم ماوەی دوایشدا چەند ھاووڵاتییەك بەوھۆیەوە شەھید و برینداربوون، كە ھیچ پەیوەست نین بە شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، دەبێ ئەو لایەنانە تێبگەن بەكارھێنانی سنووری ھەرێمی كوردستان دژی وڵاتانی دراوسێ دەبێتە ھۆكاری تێكدانی رەوشی ئەمنی و ھاووڵاتیان دەبنە قوربانی، دەبێ لەوە تێبگەن نابێ خاكی ھەرێمی كوردستان بۆ لێدانی وڵاتان بەكاربێنن، بەڵكو دەبێ خۆیان دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، چونكە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان قازانجە بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان".

لەبارەی پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە جەبار یاوەر، گوتی: "ھیچ جۆرە پەیوەندی و ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە دا نییە، پێشمەرگە ھێزێكی فەرمی و یاسایی ھەرێمی كوردستانە و یاساكان رێگە نادەن كە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكە ببەستێت، ئێمە دەمانەوێت كێشەی ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین و ھەموو ھێزەكان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخەین، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامبدەین".

سەبارەت بە دروستكردنی ھێزێك لەلایەن پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەوە ھەڵەیە پەكەكە دەیكات، لە ھەرێمی كوردستان حكوومەت و پەرلەمان ھەیە و ھێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ھێزی فەرمی ھەرێمی كوردستانن و كار و ئەركیان بەپێی یاسا رێكخراوە، ھەرێمی كوردستان بە ھێزە فەرمییەكان دەپارێزرێت، نابێ ھیچ ھێزێك لەدەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دابمەزرێت، چۆن دەبێ ھێزێك كە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكە بێت و بڵێ ھەرێمی كوردستان دەپارێزین؟".

ئەوەشی خستەڕوو: "زۆرجار حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵیداوە كێشەی نێوان پەكەكە و توركیا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت".

ھ.م