په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه یاسایه‌ك بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ئاماده‌ ده‌كات

"قه‌رزه‌كان پرسێكی سیادییه‌ و ده‌كرێت حكوومه‌تی عێراق له‌ بری هه‌رێم ئه‌و قه‌رزانه‌ بداته‌وه‌"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە حكوومەتی به‌غدا كرد، لە بەرامبەر وەرگرتنی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمی كوردستان، قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی ھەرێم بداتەوە، ئەندامێكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان له‌ پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، پرۆژە یاسایەك بۆ ئەم مەبەستە ئامادە دەكەن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ رێبوار بابكه‌یی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت، له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به‌ گوێره‌ی نه‌فه‌قاتی سیادی، حكوومه‌تی عێراق هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ به‌شێك له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی به‌و بیانۆیه‌ بگێڕێته‌وه‌ و بیخاته‌ خه‌زێنه‌ی خۆی.

دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، قه‌رزه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌ ستراتیژییه‌كان و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی پرسه‌ سیادییه‌كان، بۆیه‌ ده‌كرێت حكوومه‌تی عێراق له‌ بری هه‌رێمی كوردستان ئه‌و قه‌رزانه‌ بداته‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا تا ئێستا نازانرێت به‌ دیاریكراوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان قەرزارە، بەڵام ئاماژەی بەوەكردووە، كە توانراوە بەشێكی ئەو قەرزانە لە داھاتی ناوخۆی بدرێتەوە، له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌شه‌وه‌ سامان شاڵی، كه‌ پسپۆڕێكی ئابوورییه‌، داوا دەكات، پرۆژەكە بۆ بوودجەی گشتی ساڵی 2020 عێراق ئامادە بكرێت، چونكە ھیچ گۆڕانكارییەك لە یاسای بوودجەی ساڵی 2019 دا ناكرێت.

لە یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان چەسپێندراوە، بەڵام بۆ ناردنی بەشە بوودجە، ھەرێم پابه‌ند كراوە, كه‌ 250 ھەزار بەرمیل نەوتى رۆژانه‌ رادەستی بەغدا بكات، تا ئێستاش گفتوگۆكان لە سەر ئەو پرسە لە نێوان بەغدا و ھەولێر بەردەوامە.

H.B