قەدەخەكردنی شوفێری تاكسی لە مامۆستایان بۆچوونی جیاوازی لێدەكەوێتەوە

وەزارەتی پەروەردە شوفێرکردنی تەکسی لە مامۆستایان قەدەخە دەکات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی قەدەخەكردنی كاری شوفێری لە مامۆستا و فەرمانبەران رای جیاوازی لێدەكەوێتەوە، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە ھاوڕایە لەگەڵ بڕیارەكە و پێیان باشە كاری شوفێری تاكسی رێكبخرێتەوە و بە پیشەیی بكرێت، بەڵام بڕیارەكە نیگەرانی لای یەكێتی مامۆستایان دروستكردووە.

وەزارەتی پەروەردە بەڵێننامە بە مامۆستایان پڕ دەکاتەوە کە لەمەودوا نابێت شۆفێری تەکسی یان کاری دیکە بکەن. بەم بڕیارەش مامۆستایان سەرچاوەیەکی داھات لەدەست دەدەن، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت "ھەڵوێستمان دەبێت و لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سکرتاریەتدا قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و راپۆرتێک ئامادە دەکەین بۆ وەزارەتی پەروەردە، چونکە ناکرێت رەچاوی مووچەی مامۆستایان نەکرێت و بڕیارێکی لەم شێوەیەش بدرێت".

سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی ھەرێمی كوردستان پێی وایە، بڕیارێکی باشە و دەبێت شۆفێری تەکسی لە ھەرێمی کوردستان بە پیشەی بکرێت و كاری شوفێری تاكسی رێكبخرێتەوە و پێویستە پيداجوونەوە بە مۆڵەتی شۆفێری شۆفێرانی تەکسیش بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو کەس نەتوانێت  ببێت بە شۆفێری تەکسی.

لەم ساڵانەی دوایدا رێژەی ئۆتۆمبێلی تەکسی لە ھەرێمی كوردستان بەشێوەییەکی بەرچا و روو لە زیادبوونە و بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستی سەندیکای گواستەوەی ھەرێمی كوردستان ھەیە، زیاتر لە 90 ھەزار ئۆتۆمبێلی تەکسی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، كە بەشێكی شۆفێرانیان مامۆستا و فەرمانبەرن.

ھ.م