كۆمه‌ڵه‌ی سۆسیال دیموكراتی كورد – سوید پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی كرد

چاوه‌ڕوانی گه‌ل له‌وپه‌ڕی به‌رزیدایه‌

K24 – هه‌ولێر:

كۆمه‌ڵه‌ی سۆسیال دیموكراتی كورد – یۆتۆبۆری سوید په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی كرد و هیوای خواست له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نوێدا هه‌رێمی كوردستان زیاتر پێشكه‌وێت و بگاته‌ كه‌ناری ئارامی و ئاوه‌دانی و سه‌قامگیری زیاتر.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

به‌ڕێز.. جه‌نابی كاك مه‌سرور بارزانی

سڵاو و رێز..

پیرۆزبایی گه‌رمی ئێمه‌تان پێشكه‌ش به‌ ئێوه‌ و هه‌موو كابینه‌ی وه‌زیران و گه‌لی كوردستان به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و پێكهێنانی كابینه‌ی جێی متمانه‌ و باوه‌ڕی په‌رله‌مانی كوردستان.

پێكهێنانی كابینه‌كه‌ له‌  كات و ساتێك دایه‌، كه‌ كوردستان له‌ هه‌ر لاوه‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر گوشار و هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌. چاوه‌ڕوانی گه‌لیش له‌وپه‌ڕی به‌رزیدایه‌ بۆ دابینكردن و پێكهێنان و به‌ ئامانج گه‌یاندنی كه‌شتیی رزگاری له‌ جه‌نابتان و كابینه‌كه‌تان.

ئێمه‌ هیوادارین به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی رابردووتان و له‌ ژێر هه‌ژموون و رێنموونی پیرانی به‌ ئه‌زموون و دڵسۆزانتان و هاوكاری و یه‌ك ده‌نگی و به‌ ره‌چاوكردنی بۆچوونه‌كان كابینه‌كه‌تان ببێته‌ مایه‌ی شادمانی و ئاسایشی گه‌ل و نیشتمان. هه‌روه‌ها كوردستان به‌ره‌و وڵاتێكی ئارام و ئاوه‌دان و سه‌قامگیر و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌رانه‌ی نیشتمانی زیاتر به‌رێت.