نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی لێژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق، كۆبووه‌وه و هه‌ردوولا هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌كه‌یان به ده‌رفه‌تێكی باش زانی تا بتوانن چاره‌سه‌ر بۆ كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق بدۆزنه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی، هاوڕابوو له‌گه‌ڵ لێژنه باڵاكه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كان بۆ لابردنی ئاسته‌نگه‌كان و گه‌یشتن به لێكگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كه له به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا بێت.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ئێواره‌ی ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه 25/7/2019 له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدرال و لیژنه‌ی باڵای هاوبەشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالى كرد كه هه‌وڵه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه.
نێچیرڤان بارزانی، پاڵپشتیی خۆیشى بۆ هه‌نگاوه‌كانی هه‌ردوولا نیشان دا و وێڕای جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش و یه‌كتیمی، دووپاتیكرده‌وه كه تێڕوانین و بڕیاری هه‌رێمی كوردستان، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره له چوارچێوه‌ی عێراق و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كه ببێته هۆكاری سه‌قامگیری و به‌روپێشبردنی په‌یوه‌ندیی هه‌ردوولا.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به تێڕوانینی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نیشان دا و پوخته‌یه‌كیشیان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال و تێڕوانینی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، خسته‌ڕوو.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدرال، لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێناوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 25ی ته‌ممووزی 2019، له شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه.
ئ. م