سێکتەری رۆشنبیریی سلێمانی چاوی لە کابینەی نوێیە

دەبوو ساڵانە 20 ملیار دینار بۆ سێکتەری رۆشنبیریی سلێمانی تەرخان بکرایە

 K24 – سلێمانی:

بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی بواری سێکتەری رۆشنبیریی لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان لایەنە فەرمییەکانی حکوومەت و لیژنەی رۆشنبیریی و ھونەریی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوە چوو.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و ھونەریی سلێمانی دەڵێت، بۆ ئەوەی بواری رۆشنبیریی لە چوار ساڵی داھاتودا باشتر بێت، گرنگترین شت ڕێکخستنەوەی یاسای وەزارەتی رۆشنبیرییە.

دەشڵێت: "ئێمە پێویستمان بە رێکخستنەوەی یاساکانە و دەبێت دووبارە رێک بخرێنەوە، چونکە میکانیزمی خەرجکردنی پارە و پێشکەشکردنی هاوکاریی بە پرۆژە هونەرییەکان، تاکو ئێستا نەکراوە بە یاسا".

بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2012، سلێمانی نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی پێ بەخشرا، ھەر بە بڕیاری پەرلەمانیش پێویست بوو کە حکوومەت ساڵانە 20 ملیار دینار بۆ سێکتەرەکانی رۆشنبیریی سلێمانی تەرخان بکات ، بەڵام وەک بەرپرسانی ڕۆشنبیریی سلێمانی باسی دەکەن، تا ئێستا یەک جار ئەو پارەیە تەرخان کراوە.

داواش دەکەن، حکوومەتی ھەرێم جارێکی تر ئەو بڕە پارەیە بۆ پارێزگای سلێمانی و بواری رۆشنبیریی تەرخان بکاتەوە، تاکو رێژەی پێویست، چالاکییە هونەریی و ئەدەبییەکان ئەنجام بدرێن و پەرەیان پێ بدرێت.

H.J