گەنجێك لە مەلەوانگەیه‌کی دهۆك خنکا

په‌نابه‌ری رۆژئاوایه‌

K24 – دهۆك:

ئێوارەی ئەمڕۆ هه‌ینی، 2ی ئابی 2019، گەنجێك لە ناو مەلەوانگەی شندۆخای ناو شاری دهۆك خنکا.

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی بەرگری شارستانی دهۆك، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکرانەوە کە رووداوێکی خنکان لە مەلەوانگەی شندۆخا هەیە، بەڵام پێش گەیشتنی تیمەکانیان تەرمی گەنجە خنکاوەکە گوازرابۆوە نەخوشخانەی پزیشکی دادی دهۆك.

هەروەها راشیگەیاند، گەنجەکە تەمەنی 18 ساڵە و پەنابەری رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی کەمپی دۆمیزە.

یەکێك لە شایه‌تحاڵەکان لە شوێنی رووداوەکە، بە کوردستان24ی راگەیاند، سێ هاوڕێی گەنجە خنکاوەکە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامه‌.

تەنیا لە هەشت مانگی ئەم ساڵدا لە سنووری پارێزگای دهۆك، 16 کەس لە مەلەوانگە و ئاوی رووبارەکاندا خنکاون، تائێستاش تەرمی سێ لە قوربانییه‌كان نەدۆزراونەتەوە، کە دووانیان کچن و یەکێکیان قوتابی کۆلیژی پۆلیسی هەولێرە و لە رووباری خابوور دا خنکا.

ئ. م