عه‌بدولمه‌هدی هه‌وڵ ده‌دات په‌رده له‌سه‌ر 40 گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵبداته‌وه
K24- به‌غدا:
عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هه‌زار و 276 دۆسیەی روانەی دادگای دەستپاکی کردووە و ئامادەکاریش بۆ ھەڵدانەوەی پەردە لە سەر ٤٠ گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی دەکات، کە پەیوەستن بە ھەموو جومگە ئیدارییەکانی حکوومەت، پەرلەمانتارێکی ھاوپەیمانی سائیرونیش جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌گەر ئەو٤٠ دۆسیەی گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، گەندەڵی لە عێراق دەبێتە رابردوو.
عەلا روبێعی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "ئەو ٤٠ دۆسیەی گەندەڵی، دۆسیەی زۆر گەورەن و گه‌نده‌ڵی لە دەروازە سنوورییەکان، بانکی ناوەندی و پەیوەندییەکان کراون و عێراقییەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بۆیە ئەگەر ھەڵوەستەی توند لە سەر ئەم دۆسیانە بکەین، گەندەڵی بە جۆرێك کۆتایی دێت، کە دەبێتە رابردوو".
له‌كاتێكیشدا كه ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی ئەم خولە و خولەکانی رابردوو کەیسی گەندەڵیەکانیان ھەڵدراوەتەوە، کە زیاتر جۆری گەندەڵیەکانیان لە کەرته‌كانی نەوت و وزە، تەندروستی و وەبەرھێنانی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانه، بۆیە ئەنجوومەنی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاندووە، لە داھاتوو ھەموو ناوەکان و قەبارەی گەندەڵیەکانیان ئاشکرا دەکەن.
له‌مباره‌شه‌وه هه‌ندرێن دۆسكی، ئه‌ندامی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان له لیستی گه‌نده‌ڵكاراندا هه‌یه، ژماره‌یه‌كی زۆری په‌رله‌مانتار، وه‌زیرانی پێشوو و ئێستا و به‌رپرسی باڵای عێراقی له‌خۆ ده‌گرێت.
دووپاتیش ده‌كاته‌وه، گه‌نده‌ڵی له عێراق گه‌یشتووه‌ته ئاستێك، كه ئه‌گه‌ر خواست و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز نه‌بێت ناتوانرێت بنبڕ بكرێت، وه‌ك ئاشكراش ده‌كات، زۆربه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان له كه‌رته‌كانی نه‌وت و وزه كراون، به تایبه‌ت كۆمپانیای سۆمۆ و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، توانا داراییەکانی عێراق بە تەواوی بۆ گیرفانی بەرپرسان قۆرخکراو و لە پرۆژە خزمەتگوزاریەکاندا خەرج ناکرێن، ھەر بەو ھۆیەشەوە ناوی عێراق لە ریزبەندی شەشەمی گەندڵترین وڵاتانی جیھاندا هاتووه.
H.B