سوپای عێراق وه‌ڵامی راپۆرتێكی پێنتاگۆنی دایه‌وه‌

داعش توانای گەڕانەوە بۆ عێراقی نەماوه

K24 – هه‌ولێر:

جێگری سوپاسالاری عێراق لە وەڵامی راپۆرتی پێنتاگۆن رایگەیاند، داعش توانای گەڕانەوە بۆ عێراقی نەماوه‌.

عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، جێگری سوپاسالاری عێراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان لێرە و لەوێ، بەڵام داعش ناتوانێت جارێکی دیکە بەهێزەوە بگەڕێتەوە عێراق.

گوتیشی: بیری داعشی تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە و لە رووی سەربازیشەوە داعش ئەو توانایەی نەماوە کاریگەری لەسەر عێراق درووست بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سنوورەکان بەردەوامن.

پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا رایگەیاندبوو، داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و فراوانکردنی هەژموونی لە عێراق دەدات.