ژنانی ئێزدی وەک قوربانی و خۆڕاگر نیشان دەدرێن

چەندین فیلم و دۆکیومێنتەری لەسەر ئازار و بەھێزی ژنانی ئێزدی بەرھەم ھێنراون
kurdistan24.net

K24 - بەرلین

ژنە سینەماکارانی کورد باس لە رۆڵی سینەما دەکەن، لە پیشاندانی ئازاری ژنانی ئێزدی و گەیاندنی گەورەیی تاوانی داعش دژ بە ئێزدییەکان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. سینەما وێنەی ژنانی ئێزدی ھەم وەک قوربانی و ھەمیش وەک ژنی خۆڕاگر و بەھێز پیشانداوە.

تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و دەستدرێژی چەکدارانی داعش بۆ سەر ژن و کچانی ئێزدی دەبێتە بابەتی سینەما و چەندین فیلم و دۆکیومێنتەری لەلایەن سینەماکارانی ناوخۆ و جیھانیەوە دەربارەی ژنانی ئێزدی بەرھەمھێنران.

زوبەیدە بوڵوت، کچە ئەکتەرێکی ئەڵمانی خاوەن باکگراوندی ئێزدییە لە فیلمی کچانی خۆرەتاو رۆڵی ژنە ئێزدییەک دەگێڕێت، باس لە رۆڵی سینەما دەکات لە گەیاندنی پرسی ژنانی ئێزدی.

زوبەیدە، بە كوردستان24ی گوت: "زۆر گرنگە خەڵك لە چیرۆك تێبگەن، چونكە چیرۆك مێژووە، ھیوادارم بتوانم چیرۆكی ژنانی ئێزدی و كورد بە گشتی باس بكەم و وەك ژنی بەھێز نیشانیان بدەم. كاتێك مرۆڤ دەبێتە قوربانی بارودۆخێك پێویستە بەھێز بێت، ئێزدییەكان وان بەھێزن".

ژنە سینەماکارێکی دیكە ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنانی کورد لە سینەمادا توانیویانە رۆڵ بگێڕن و وەک ژنی بەھێز دەربکەون.

دیمەن زەندی، ئەکتەر لە فیلمی رەشەبا دەڵێ: "لەو فێستیڤاڵانەی لە دەرەوە دەكرێن، بیانییەكان سەرسامن بە ژنی كورد، كە لەبەرامبەر ھەموو ئەو كارەساتانەی بەسەریان ھاتووە، ھێشتا بەھێزن".

دەشڵێت: "پڕۆژەی دیكەی سینەمایی ھەیە لە ئایمندەدا جێبەجێ دەكرێ تا رۆڵی ژنان پیشان بدرێت".

ھ.م