نرخی مازوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزدەبێتەوە

مازوو بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی بەکاردەهێندرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە وەرزی ھاویندا لە رۆژھەڵاتی كوردستان خەڵكێكی زۆر سەرقاڵی چنینەوەی مازوون، مازوو لە ناوچە شاخاوییەكان ھەیە و بە ماندووبوونێكی زۆرەوە لێدەكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئەمساڵ نرخی مازوو گرانتر بووە و خەڵك بە ژن و پیاوەوە خەریكی لێكردنەوەی مازوون.

ئەمساڵ مازوو لە رۆژھەڵاتی كوردستان خۆشەویستە، خەڵكێكی زۆر لەو ھاوینەدا بە شاخ و دارستانەكانەوەن بۆ ئەوەی مازووی شین لێبكەنەوە، نرخی مازوو ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایكردووە بۆ ھەندێك كەس وەكو داھاتێكی وەرزی سەیر بكرێت و خێزانەكان بەیەكەوە خەریكی مازوو چنینەوەن بۆ ئەوەی كیلۆیەك زیاتریان دەست بكەوێت.

مازوو لە كوردستان زۆرە، بەڵام لە شوێنی ئەستەم ھەڵكەوتووە، ھەر دارە مازووێك نزیكەی 20 كیلۆ مازووی پێوەیە و ھەر كیلۆیەك مازووش ئێستا بە 50 بۆ 80 ھەزار تومەن دەفرۆشرێت، مازووی تەڕ و وشكەكەی وەكو دەرمانی سرووشتی بەكاردەھێندرێت، ئێستا بەشێك لەو مازووانەی رۆژھەڵاتی كوردستان بۆ ھەرێمی كوردستانیش ھەناردە دەكرێت، ھەربۆیە نرخەكەی بەرز بووەتەوە و ئەوەش خەڵكەكەی دڵخۆش كردووە.

لە كوردەواری مازوو بۆ چارەسەری سووتان، مێخەكە و دروستكردنی دەرمانی سرووشتی بەكار دەھێندرێت، لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لە پیشەسازی فەرشیشدا بۆ جوانكاری بەكاردەێت، ھەر بۆیە مانگی دووەم و سێیەمی ھاوین خەڵكی سەر سنوور و گوندە شاخاوییه‌كان، بە چنینەوەی مازوو سەرقاڵن و ئەگەرچی وەرزییە، بەڵام داھاتێكی باشیان لێ دەستدەكەوێت.

ھ.م